spot_imgspot_img

چزووی هەنگ چووە جیهانی جوانکارییەوە

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، ئەو ژەهرەی لە چزووی هەنگدایە دۆخی گشتیی پێستی باشتر کردووە و قووڵیی چرچییەکانی سەر ڕووخساری کەم کردووەتەوە.

ژەهری هەنگ شۆڕشێکی لە بواری چاودێریی پێستدا بەرپا کرد، ئەمەش دوای ئەوەی توێژەران توانییان سیرۆمێکی سروشتی لە پێکهاتەکانی ئەو ژەهرە دروست بکەن کە چرچییەکان کەم دەکاتەوە و لە کەمتر لە مانگێکدا جوانی و گەشانەوە بۆ پێست دەگەڕێنێتەوە.

ئەم داهێنانە دوای ئەوە هات کە بۆ توێژەران دەرکەوت ماددەی “پێپتیدی مێلیتین”، کە پێکهاتەی سەرەکیی ژەهری هەنگە، توانای هاندانی میکانیزمە سروشتییەکانی چاککردنەوەی پێستی هەیە، ئەمەش پاڵ بە پێستەوە دەنێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کۆلاجین، ڕیشاڵە لاستیکییەکان و ترشی هیالۆرۆنیک.

زانایان کاریان لەسەر دروستکردنی ئەم سیرۆمە نوێیە کرد، کە کاریگەرییەکەی سەلمێنراوە لە بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی کۆلاجین بۆ کەمکردنەوەی دەرکەوتنی هێڵە ورد و چرچەکان، نەرمکردنەوە و توندکردنەوەی پێست و بەخشینی دیمەنێکی ڕەونەقدار و زیندووتر بە پێستەکە.

بەپێی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی، تاقیکردنەوەیەک کە ٢٨ ڕۆژی خایاندووە و ٢٣ ژن تێیدا بەشدار بوون، دەریخستووە کە سیرۆمی ژەهری هەنگ قووڵیی چرچەکان کەم دەکاتەوە، کشانی پێست باشتر دەکات و توندوتۆڵی زیاد دەکات.

توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم بەرهەمە دۆخی گشتیی پێستی باشتر کردووە و بە شێوەیەکی بەرچاو قووڵیی چرچەکانی کەم کردووەتەوە.

لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا کە ١٢ هەفتەی خایاند و ٢٢ کەس تێیدا بەشدار بوون کە بەدەست چرچیی دەووروبەری چاوەوە دەیانناڵاند، شارەزایان تێبینیی دابەزینێکی بەرچاویان کرد لە ژمارەی چرچەکان، ڕووبەرەکەیان و تێکڕای قووڵییەکەیان.

کاتێک سیرۆمەکە دەدرێت لە دەموچاو، دزە دەکاتە ناو پێست و لەگەڵ خانە ڕیشاڵییەکان کارلێک دەکات و وەک پێوەدانێکی بچووک دەردەکەوێت؛ ئەم کارلێکە جووڵەی سووڕی خوێن چالاک دەکات، گەیاندنی ئۆکسجین و ماددە خۆراکییەکان بەهێز دەکات، لە هەمان کاتدا ئاماژە دەنێرێت بۆ خانە ڕیشاڵییەکان بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی پاڵپشتی پێست و هاندانی بەرهەمهێنانی کۆلاجین و ئیلاستین.

بە تێپەڕبوونی کات، پێکهاتەی سەرەکیی پێست توندوتۆڵتر دەبێت، ئەمەش هێڵە وردەکان کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە شۆڕبوونەوەی پێست دەکات.

توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە ژەهری هەنگ وەک هاندەرێکی سروشتی بۆ پێست کار دەکات تا لە ناوەوە خۆی نوێ بکاتەوە، نەک تەنها بۆ شاردنەوەی زیانە ڕووکەشییەکان بێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە