بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، بارستە هەوایەكی سارد و لێزمە باران ڕوودەكاتە وڵاتانی دراوسێ و كاریگەری لەسەر هەرێم دروست دەكات و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و نمە باران لە هەرێمیش دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەئەنجامی کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد لە دەریای ناوەراستەوە لە بەیانی سبەی سێ شەممە 25/11/2025 ناجێگیرییەکی لاواز لەبەرگەهەوای ناوچەکانی باکووری وڵاتی سعودیە و ئوردن و سووریا دروست دەبێت و ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ ئەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما لەو ناوچانەدا.
ڕوونیشی كردەوە، کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەکاتەکانی سبەی شەو ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای عێراق ئەگرێتەوە بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار ئەگەری چالاکبوونی کەڵەکە هەوری بە بروسکە و بارانی بەخوڕ ئەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ڕۆژی چوار شەممە 26/11/2025 ئەو حاڵەتە کاریگەرکانی بەلاوازبوونی دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ئاسمانی هەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارینی نمە بارانێکی کەم لە هەندێ کات و شوێندا و پلەکانی گەرماش بەرێژەی 2 تا 3 پلە نزم دەبنەوە پاشان لەشەودا کۆتایی بەو حاڵەتە دێت .
وتیشی، “بەگشتی ئەو بارانە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەم و لاواز ئەبێت بەهۆی کاریگەری ئەو بەرزە پاڵەپەستۆ بەهێزەی کە لە بەرگەهەوای باکوری ئێران هەیە و رێگرە لەوەی هەوری زیاتر و باراناوی بگات تەنها لە ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق رێژەی بارانەکە باشتر ئەبێت”.
