بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و دەشڵێت: تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بنەمای نییە و پێچەوانەی واقعە.
عەلی حسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ (شەفەق نیوز) ڕایگەیاندووە، ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی كە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هاتونەتە ئاراوە، واقعێكی سیاسی نوێیان دروستكردووە، كە دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان.
ڕاشیگەیاندووە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا.
دەشڵێت: پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ناكۆییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوە، و نەگەینە رێككەوتن، جگە لە بیركردنەوە لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە كوردستان؛ هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نامێنێت.
ئەو بەرپرسی پارتی وتویەتی، “تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بنەمای نییە و پێچەوانەی واقعە و پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن”.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم گۆڕانكارییە پەیوەندی بە مامەڵە یاخود كڕینی كورسی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئامادەیی هەندێك لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری لە حكومەتی ئایندە.
عەلی حسێن وتوشیەتی، “پارتی بواری بۆ یەكێتیی و هەموو لایەنەكانی تر كردوەتەوە و ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە زوترین كاتدا و مامەڵەی نێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەك دەبێت”.
دووپاتیشی كردەوە، پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.
