وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە تەنها دەستپێکردنی کارکردن لە دروستکردنی شارە نوێیەکان، نرخی خانووبەرەی بە ڕێژەی %10 دابەزاندووە.
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتەكە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە دەبێت شارە نیشتەجێبوونە نوێیەکان گونجاو بن و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بن”.
ئاماژەی بەوەشدا کە “ئاڕاستەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون چەندین ستراتیژ و چارەسەر لەخۆ دەگرێت، لەوانەش بابەتی دروستکردنی شارە نیشتەجێبوونە گەورەکان، کە هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون دابین دەکەن بۆ زیادکردنی خستنەڕوو بەراورد بەو داواکارییەی کە لە زیادبووندایە”.
وتیشی: “حکومەت ڕووی کردووەتە بابەتی گەشەپێدەری خانووبەرە (وەبەرهێنەر) بۆ بەکارهێنانی زەوییەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆیان تاوەکو شیاوی نیشتەجێبوون بن”.
ئاشكراشی كرد، “ئەنجامی ئەم چارەسەرانە لە ماوەی مامناوەندا دەردەکەون و تێبینی دەکەین هەر کە کارکردن لە دروستکردنی شارە نیشتەجێبوونەکان دەستیپێکردووە، نرخی خانووبەرە بە ڕێژەی ١٠٪ و زیاتریش دابەزیوە، ئەگەرچی هێشتا لە توانای چینە هەژارەکان و خاوەن داهاتە سنووردارەکان بەدوورە”.
