فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت، سیستمی ناناوەندێتی “لامەركەزی” سووریا بەهێزتر دەکات نەک لاواز و دووپاتیشی کردەوە، نابێت بەرپرسانی ئەنقەرە لە چوونی بۆ ئیمراڵی بترسن، “چونکە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.”
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی (مێزۆپۆتامیا) کە ئەمڕۆ 24-11-2025 بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەدات “سیستمی ناناوەندێتی، سووریا بەهێزتر دەکات نەک لاواز”.
مەزڵوم عەبدی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی هەرچەند پەیوەندییەکانیان فەرمی نین، بەڵام لە ڕێگای چەند کەناڵێکەوە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا دا هەیە و دەڵێت: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان زیاتر بەرەو پێش ببەین. ئێمە ئامادەین نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێنیەوە و پێویستە تورکیاش نیگەرانییەکانی ئێمە کە “داگیرکردنی” عەفرین و سەرێ کانییە، بڕەوێنێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی بۆ تورکیا، مەزڵوم عەبدی وتی: ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، بۆ نا دەتوانم بچم و بە باشی دەزانم.
پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا
فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند، “پەیوەندی هەیە و کەناڵی کراوەش لە نێوانماندا هەن، بەڵام ڕێککەوتن نییە. تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سووریا هەیە، ئەمەش شتێکی باشە”. هەروەها خواستی خۆی بۆ بەهێزکردن و فەرمیکردنی ئەم پەیوەندییانە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر هەندێک بابەتی دیاریکراو دەربڕی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەک چۆن تورکیا نیگەرانی هەیە، هەسەدەش نیگەرانیی خۆی هەیە و دەیانەوێت ئەم بابەتانە بخەنە بەر باس و چارەسەریان بکەن و وتی: “خاکی داگیرکراومان هەیە، خەڵکی ئێمە بەهۆی بوونی تورکیاوە ناتوانن بگەڕێنەوە. دەمانەوێت ئەم کێشانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە چارەسەر بکەین.”
کاریگەری پرۆسەی ئاشتی لەسەر سووریا و ڕۆژئاوا
سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدی ڕایگەیاند: “زیاتر لە هەموو لایەک، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە”.
ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ سوپای تورکیا بەرهەمی ئەم پرۆسەیەیە و ئەگەر پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئاگربەستەکەش هەمیشەیی دەبێت.
جەختیشی كردەوە، “ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە باس لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەکەین، ئەوە لە سایەی ئەم پرۆسەیەوەیە. ئێمە دەمانەوێت وەک هەسەدە، ئەرکی خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکەین و ببینە لایەنێکی پشتیوان، نەک ڕێگر”.
ڕۆڵی ئیمراڵی
عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و ئیمراڵی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە کردەوە وگوتی: “گفتوگۆی باشتر، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت.”
لەبارەی چوونی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئیمراڵی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد: “بەپێی وتەی شاندی سەردانکەری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆ داوایکردووە بەرپرسانی ڕۆژئاوا سەردانی ئیمراڵی بکەن. ئێمەش پێویستیمان بەوە هەیە.”
سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی بۆ تورکیا، مەزڵوم عەبدی وتی: “بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە. مادام ئەم سەردانە، بەشدارییەکی ئەرێنی لە چارەسەردا دەکات، بۆچی نەچین؟ ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین.”
دیدی هەسەدە بۆ داهاتووی سووریا
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان خوازیاری سووریایەکی لامەرکەزین و وتی: “ئێمە باس لە شتێکی مەحاڵ ناکەین، بەڵکوو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە. لە کۆنفرانسی هێزە کوردییەکاندا داوای فیدراڵیزم کرا. ئێمە دژی ئەمە نین، بەڵام لە ئێستادا کار لەسەر شتە مومکینەکان دەکەین.”
جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانی گەلانی ناوچەکەیە؛ نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەققەش.
ڕاشیگەیاند، “پێویستە ئەم گەلە بتوانێت بەرپرسانی خۆی هەڵبژێرێت؛ لە بواری سەربازی، ئیداری و ئەمنیدا و لەسەر ئەم بنەمایە بەشداری لە دەوڵەتی سووریادا بکات. مەبەستی ئێمە لە لامەرکەزی ئەمەیە و ئەمە پارچەبوون نییە، بەڵکو سووریا بەهێزتر دەکات.”
