دوابەدوای بۆچوونی شارەزایانی ئابووری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراقی بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت و كەڵەكەبوونی قەرزەكانەوە، ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزبووەوە بۆ سەرووی 143 هەزار دینار، بەلام بانكی ناوەندی ڕایگەیاند، دەستكاری نرخی دۆلار ناكرێت.
لە سەرەتای كابینەی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی سودانی، بەهای دۆلار بۆ 1320 دینار بەرزكرایەوە و بەوەش نرخی 100 دۆلار گەیشتە سەرووی 160 هەزار لە بازاڕدا تا دوای چەند مانگێك نرخەكەی دابەزی و لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە 140 بۆ 141 هەزار جێگیر بوو.
بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، هەر لێدوانێک لەبارەی دەستکاریکردنی نرخی دۆلار، بۆچوونە و ئامانج لێی شڵەژاندنی بازاڕِە.
دەشڵێت: هیچ نیەتێکمان نییە بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار.
بانكی ناوەندی جەخت لە “سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و گەیشتن بە نزمترین ئاستی هەڵاوسان لە وڵاتدا” دەكاتەوە.
شەوی رابردوو، نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراقی، ڕایگەیاند، حکومەتی داهاتووی عێراق ناچارە نرخی فرۆشتنی دۆلار بەرزبکاتەوە بۆ 180 هەزار تاوەکو 200 هەزار دینار.
دوابەدوای ئەو لێدوانەی مەرسومی، بەهای دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد بەجۆرێك لە بۆرسەی بەغدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە 145 هەزار و لە بۆرسەی هەولێر و بازاڕی دراوەكانی سلێمانی گەیشتە 143 هەزار، بەڵام دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهاكەی بۆ نزیكەی 142 هەزار دابەزییەوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار بە 142 هەزار مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام بە دراوی جۆری 5 هەزاری بە 142 هەزار و 400 دینارە.
