spot_imgspot_img

شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا گەیشتە ئیمرالی بۆ دیداری ئۆجالان

 

شاندێكی کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ به‌ره‌و دورگه‌ی ئیمراڵی به‌ڕێكه‌وتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پەکەکە.

ئەم شاندە نوێنەرایەتی لایەنە سەرەکییەکانی ناو پەرلەمان دەکات و بریتین لە: حسێن یامان، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و فەتحی یەڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و گوڵستان کڵچ کۆچگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی).

رۆژنامەی جمهوریەتی نزیک لە حکومەتی تورکیا لە بارەی سەردانەکە بڵاویکردەوە، شاندەكە بە هێلیکۆپتەر لە ئەستەنبوڵەوە چوونەتە دورگەی ئیمرالی و لەبارەی چارەسەری پرسی كوردەوە گوێ لە ئۆجالان دەگرن، بەڵام كۆنوسی كۆبوونەوەكە دەبێت تا ماوەی (10 ساڵ) بەنهێنی بهێڵدریتەوە و بۆ ڕای گشتی بڵاونەكرێتەوە.

گرنگی ئەم دیدارە لە ئاستێکدایە، کە ئەوانەی بەشداری شاندەکەیان کردووە، بەرپرسی هەرە باڵای دوو پارتی دەستەڵاتدارن، کە یەکێکیان جێگری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەیە و ئەوەی تریشیان جێگری رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی گشتی ئەکەپەیە.

بڕیارە لەم دیدارەدا، ئۆجالان لەبارەی چەند پرسێكەوە قسە لەگەڵ شاندی كۆمسیۆنی پەرلەمانی توركیا بكات:
🔸پرسی چەكدانانی پەكەكە
🔸پرسی هاوپەیمانی كورد و تورك
🔸هەوڵەكانی چارەسەری دۆزی كورد و هەمواری یاساكان لە توركیا

لای خۆشیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و بەرپرسانی مەهەپە دیدار ئەنجام دەدەین و هەروەها لە کاتێکی دیاریکراودا پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین.

وتیشی، کۆمسیۆنەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان کاری گرنگ ئەنجام دەدات و ئێمەش بە هەموو جۆرێک پشتگیری دەکەین.

ئەمە یەکەم جارە، کە شاندێکی پەرلەمانی لەم جۆرە، بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانێتی دەسەڵات (ئەکەپە و مەهەپە) و پارتی سەرەکی لایەنگری کورد (دەم پارتی)، پێکەوە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجا‌لان سه‌ردانی ئیمراڵی دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم سه‌ردانه‌ ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە دیالۆگی نێوان دەوڵەت و ئۆجهالان و ببێتە سەرەتای گفتوگۆیەکی گشتگیرتر لەسەر چارەسەری کێشەی کورد، بەتایبەتی لە کۆمیسیۆنەکەدا چەندین پارتی سیاسی (جگە لە جەهەپە و یه‌ك دوو لایه‌نی تر) بە “بەڵێ” دەنگیان بەو بڕیارە داوە، کە شاندەکە بچێتە ئیمراڵی.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە