بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێگە بە کوردانی فەیلی دەدرێت بەبێ هیچ ڕێکارێکی زیادە، وەک هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
کوردانی فەیلی لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس ڕووبەڕووی ئەنفال و ڕاگواستن هاتن، لە عێراق بەشی هەرە زۆریان لە پارێزگای بەغدا دەژین و پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن. جگە لە عێراق، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و ئیلام نیشتەجێن.
ئازاد حەمید شەفێ، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، “مەسعود بارزانی بڕیارێکی گرنگی دەرکردووە، بەپێی ئەم بڕیارە کوردە فەیلییەکان دەتوانن بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی زیادە و پێویستیی وەستان لە بازگەکان بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، وەک هاونیشتمانی دیکەی کورد لە شارەکانی هەرێمی کوردستان مافی نیشتەجێبوونییان دەبێت، هاوکات بۆ هاتووچۆ و کارکردن وەک هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئازاد حەمید دەشڵێت: شانازی بەم بڕیارە دەکەین، ئەمە یەکڕیزی گەلەکەمان بەهێزتر دەکات. کوردستان ڕێز لە پێکهاتەیەکی ڕەسەن دەگرێت کە لە مێژووی خەباتی دیموکراسیدا زۆری بەخشیووە.
