لەتیف شێخ مستەفا
۱٠ ساڵ زیاتر بەهۆی ریک نەکەوتنی هەرێم و بەغدا مووچە خۆرانی هەرێم بەدەست دواکەوتن و فەوتانی ڕێژەیەکی زۆری مووچەکانیان ئازاریان کیشا
ئیستا کە هەرێم وبەغدا ریک کەوتون لەسەر ئەوەی هەرێم ۱۲٠ ملیار داهاتی ناوخۆ بنیریت و لە بەرامبەردا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بەتەواوەتی بنیریت لەو ساوە هەموو مانگێک ئیتر نەدانی ۱۲٠ ملیارەکە بۆتە هۆکاری دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و نازانین ئەم چیرۆکەش چەند بەردەوام دەبێت و دەبێ بۆ ماوەی چەندی تر ئازارو کێشەکانی مووچەخۆران بەم بەیت و بالۆرەی ۱۲٠ ملیارەکە بەردەوامی هەبێت وەک ئەوەی پش رێکەوتنەکە هەبوو؟
دەستوور چی دەڵێت لەم بارەیەوە؟
دەستووری عێراق لە مادەی ۱۲۱ برگەی سێیەم دەڵیت (بۆ هەر هەرێمیک پشکێکی ڕەوا لە داهاتە فیدراڵیەکان تەرخان دەکرێت کە بەشی ئەرک و بەرپرسیارتی هەرێمەکە بکات ، بە لەبەرچاو گرتنی سەرچاوە داراییە ناوخۆییەکانی هەرێمەکە لەگەڵ پێداویستیەکان و ڕیژەی دانیشتوانی هەرێمەکەدا بگونجێت)
دیارە بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی پێش سەرژمیریەکەی عێراق ۱۲٪ و کەسرێک لە داهاتی فیدراڵی تەرخان کرابوو بۆ هەرێم ( دوای سەرژمێریەکە دەبێت بگۆڕێت بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم)، وە ڕێکەوتنیش کراوە لە نیوان هەرێم و بەغدا کە داهاتی ناوخۆیی هەرێم ۱۲٠ ملیار دینارە.
کەواتە بە گویرەی ئەو مادەیەی دەستوور بێت دەبێت عێراق ئەو ڕێژەی ۱۲٪ یە کەم ۱۲٠ ملیار بنیریت نەک هەرێم هەموو جاری ۱۲٠ ملیارەکە بنیریت و ئینجا ئەوان ڕێژەکەی خۆی بۆ بنیرن .
چونکە دەقە دەستووریەکە وا ناڵیت و زۆر وازحە، لەم ڕوەوە واتە سیغەی دارشتنی دەقە دەستووریەکە وەهایە کە دەبێت حکومەتی فیدرال هەستێت بە پێدانی بودجەی تەواو کاری بۆ هەرێمەکان دوای رەچاو کردنی داهات و سەرچاوە ناوخۆییەکان، چونکە دەقەکە دەڵێت بەرەچاو کردنی داهاتی ناوخۆ ، ئاشکراشە کە دەستووری عێراق لەو جۆرە دەستوورانەیە کەدەسەڵاتی هەرێمەکانی زیاتر داوە و زیاتر هەرێمەکانی بەهێز کردوە لەسەر حیسابی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدرالی.
جا نازانم ئایا لایەنی هەرێم ئەم راستیە دەستووریە نازانن یان دەیزانن و پشت گوێی دەخەن یان وازیان لەم مافە دەستووریە هیناوە؟
ئەگەر دەیزانن و وازیان لێنەهیناوە بۆ لێی بێ دەنگن ؟ بۆ دەعوا لە لەدادگای فیدرالی تۆمار ناکەن؟
لە هەموو حاڵەتیکدا نابێت بەهۆی ۱۲٠ ملیارەکەوە کە بەشیکی کەمی بودجەی کوردستانە لە چاو کۆی بودجەوە ،دوبارە ئازارو مەعاناتی مووچەخۆران بەردەوام بێت
دەبێت چارەسەرێکی خێراو بەرپرسیارانەی بۆ بدۆزریتەوە ناکرێت چیتر ئازار و مەعاناتی ئەو هەموو خەڵکە دوای ئەو هەموو ساڵە هەر بەردەوام بێت.
