پێنج لایەنە سەرەکییەکەی سوننە لە بەغدا لە ماڵی خەمس خەنجەر، سەرکردەی هاوپەیمانی سیادە کۆبوونەوە و “ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی”یان پێکهێنا.
ئەمڕۆ لە بەغدا سیاسییەکانی سوننە؛ (محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حیزبی سیادە و موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و سابت عەباسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی) كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك و یەكگرتنیان ڕاگەیاند.
ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی سوننە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەک ڕێکخراوێکی چەتر دەبێت، کە هەڵوێستەکان هەماهەنگ دەکات و دیدگا و بڕیارەکان یەکدەخات.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەنجوومەنەكەیان کراوە دەبێت بەڕووی هەموو هاوبەشە نیشتمانییەکان و پابەند دەبێت بەو پرەنسیپە بنچینەییانەی، کە یەکێتی و سەقامگیری عێراق دەپارێزن و مافی هەموو پێکهاتەکانی دەپارێزن بەبێ جیاوازی، لە دیدگایەکی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر و گشتگیرە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوانەی کۆبوونەتەوە داوای پشتیوانی لەم هەنگاوەیان کرد کە ئامانج لێی یەکخستنی هەوڵەکان و بەرزکردنەوەی کردەوەی سیاسییە.
شیعەكان هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یان هەیە، لەبەرامبەر ئەوەشدا سوننەكان هاوپەیمانی “ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی”یان دروست كرد، بەڵام ئاخۆ كورد دەتوانێت هاوشێوەی ڕابردوو “هاوپەیمانی كوردستانی” زیندوو بكاتەوە و سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان یەك بگرن؟

