بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی قەبارەی خەرجییەكان و كورتهێنانی بودجە و كەڵەكەبوونی قەرزەكان، عێراق پارەی بەردەست و نەختینەی كەم دەكات و بەوەش وەك شارەزایانی ئابووری دەڵێت: كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دەست دەبات بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار تاكو پارەی زیاتری دەست بكەوێت.
گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانك و مامۆستای زانكۆی سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: دیسان ئەمساڵیش وەک ساڵەکانی 2023 ، 2024 دوو مووچەی کۆتایی ساڵ دابەشناکرێت و دەفەوتێت.
دەشڵێت: بەم نرخەی ئێستای دۆلارەوە لە ساڵی 2026، لە عێراق کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت ئەگەر نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی بەرزنەکرێتەوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ئێستا سێ پێشنیار هەیە بۆ نرخی دۆلار ئەوانیش (150 هەزار، 180 هەزار، 200 هەزار). ئەگەری بەهێز 150 هەزار دینارە بۆ نرخی 100 دۆلار.
لای خۆشیەوە، نەبیل مەرسومی، ئابووریناسی عێراقی ڕایگەیاندووە، پێشبینی دابەزینی بەرچاوی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەکەن لە کابینەی نوێی حکومەتدا، بەجۆرێک نرخی هەر 100 دۆلارێک لەلایەن حکومەتەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ 180 و 200 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشدا، گۆڕانکارییکردن لە نرخی دراودا واتا چوونەناو قۆناعێکی نوێی ئابووری وهۆکارەکەشی زیادبونی فشارە داراییەکان و قەرزە کەڵەکەبووەکانە، کە باری سەرشانی حکومەت قورس دەکات.
مەرسومی ڕوونی کردۆتەوە، کە کابینەی نوێ ناچارە گۆڕانکاریی بکات بۆ چارەسەری کورتهێنان لە بودجەدا بەهۆی دابەزینی داهات لە سەرچاوە جیاوازەکان و زیادبوونی خەرجییەکانی حکومەت و پابەندبوون بە قەرز و سوود و چەندین هۆکاری دیکە، تاکە چارەسەریش بۆ بودجەی گشتیی گۆڕانکارییکردنە لە نرخی دراو و ئاڵوگۆڕەکان.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە میدیاكان، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێم بەرزبووەوە و لەكاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار گەیشتە 141 هەزار و 500 دینار.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار بە 140 هەزار و 700 دینار بوو بە 25 هەزاری و بە 141 هەزار بوو بە 5 هەزاری.
وتیشی، “ئێوارە لەكاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە 141 هەزار و 500 دینار”.
