spot_imgspot_img

ڕێگە لە منداڵەکان مەگرن ژماردن بە پەنجە بکەن

توێژینەوەیەکی نوێ سوودەکانی ژماردن بە پەنجەکان ئاشکرادەکات و دەڵێت”ڕێگە لە منداڵەکان مەگرن ژماردن بە پەنجە بکەن، زانست سوودەکەی لە فێربوونی بیرکاریدا دووپات دەکاتەوە”.

توێژینەوەیەک جەختی کردەوە، کە بەکارهێنانی پەنجەکان بۆ ژماردن لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتاییەوە نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو ئامرازێکی گرنگە بۆ فێربوونی بیرکاری.

کاترین تیڤێنۆت، ئامادەکار و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی لۆزان، وتی “پێویستە منداڵان شەرم نەکەن لە بەکارهێنانی پەنجەکانیان، دەبێت شانازی بە پشت بەستنیانەوە بکەن لە شیکارکردنی پرسیارەکاندا”، جەختیشی کردەوە کە پێویستە دایک و باوک و مامۆستایان ڕێگری لە منداڵان نەکەن لە ژماردن بە پەنجە.

تیڤێنۆت ساڵی ڕابردوو توێژینەوەیەکی لەسەر منداڵانی باخچەی ساوایان بڵاو کردەوە، کە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئاستی ژماردنیان باشتر دەبێت ئەگەر فێری ژماردن بە پەنجە ببن.

لە بەرامبەردا، لێکۆڵینەوەکانی پێشوو ئەوەیان دەرخستبوو، کە منداڵانی تەمەن نزیکەی حەوت ساڵ ئاستێکی باشتر لە ژماردندا نیشان دەدەن بەبێ بەکارهێنانی پەنجەکان بە بەراورد بەوانەی بەکاریان دەهێنن، ئێستا تیڤێنۆت و هاوکارەکەی ماری کرینگەر لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەکەن.

دوو توێژەرەکە بەدواداچوونی گەشەسەندنی درێژخایەنی نزیکەی 200 منداڵی سویسرییان کردووە، کە تەمەنیان لە نێوان چوار ساڵ و نیو بۆ حەوت ساڵ و نیو بووە، بەبێ ئەوەی ڕێنماییان بکەن بۆ ژماردن بە پەنجە. بە شێوەیەکی سروشتی لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی کۆکردنەوەدا چاودێری کراون.

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست، کە ئەو منداڵانەی لە سەرەتادا پەنجەکانیان بەکار هێناوە، ئەگەری زۆر بووە کە دواتر ببنە یەکێک لە باشترینەکان لە ژماردندا، لە کاتێکدا ئەو منداڵانەی کە هەرگیز پەنجەکانیان بەکار نەهێناوە لاوازترین ئاستیان تۆمار کردووە، ئەنجامەکان لە گۆڤاری “دێڤێلۆپمێنتال سایکۆلۆجی” بڵاوکراونەتەوە.

بەپێی توێژەرەکان، ئەو لێهاتووییەی منداڵان کە دوای تەمەنی حەوت ساڵی وازیان لە بەکارهێنانی پەنجە هێناوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ساڵانی پێشتردا بە یارمەتی پەنجەکانیان فێری ژماردن بوون و پاشان گواستوویانەتەوە بۆ ژماردنی مێشکی.

تیڤێنۆت ڕوونیکردەوە، ئەگەر منداڵان لە سەرووی تەمەنی هەشت ساڵییەوە هێشتا پێویستیان بە پەنجەکانیان بێت بۆ ژماردن، لەوانەیە ئەمە نیشانەی کێشەیەک بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە تەنانەت لەم حاڵەتەشدا نابێت سەرزەنشت بکرێن، چونکە پەنجەکان لەوانەیە یارمەتیان بدەن بگەنە قۆناغی دواتری گەشەسەندن، ئەگەرچی درەنگتر بێت لە هاوڕێکانیان.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە