فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێکكەوتنێک لەگەڵ دیمەشق ناکەین تا لە دەستوری سووریادا مافی کورد نەسەلمێنن و دەشڵێت: پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاندووە، سەرەتایەکی تازەمان لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە و زیاتر گەشەی پێدەدەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ براکانمان لە باشووری کوردستان ئاسایی بوەتەوە.
دەشڵێت: پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە و گفتوگۆمان لەسەر کردووە.
دەربارەی دۆخی سووریا ڕایگەیاندووە، ئێمە هۆکاری جێبەجێنـەکردنی ڕێکكەوتننامەی 10ی ئازار نین و هەمووان ئەم ڕاستیە دەزانن و هیچ ڕێکكەوتنێک لەگەڵ دیمەشق ناکەین تا لە دەستوری سووریادا مافی کورد نەسەلمێنن.
عەبدی وتوشیەتی، “فەڕەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا باش دەزانن هەسەدە پابەندە بە ڕێکكەوتنەکە، بەڵام لایەنی ترە کێشە دروست دەکات و پەکی دەخات”.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو بەڵگەنامە و پێشنیازەکانی تایبەت بە دانوستانەکانمان لەگەڵ دیمەشق بە بەشداری وڵاتانی نێوانگیر بووە.
