لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ناوی مستەفا کازمی دەهێنرێت، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
ئەوانەی بانگەشەی گەڕانەوەی کازمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەن، پێیان وایە پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ واشنتۆن و ڕکابەرییەکەی لەگەڵ گروپە چەکدارییەکان ڕەنگە دەرفەتی گەڕانەوەی پێبدات، بەڵام زانیارییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم پێشنیازە دوورە و مەحاڵە ڕووبدات.
عودەی عەبدولهادی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ (بغداد الیوم) دەڵێت، قسەکردن لەسەر گەڕانەوەی کازمی “لەسەر بنەمای هیچ گفتوگۆیەکی جددی لە چوارچێوەی هەماهەنگی نییە”، جەختیشی لەوە کردەوە ناوی ئەو “تەنانەت لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر مێز نییە، نە لە دوور و نە لە نزیك”.
عەبدولهادی ڕوونی کردەوە، کازمی لە قۆناغێکی پێشوودا ڕۆڵی خۆی بینی، چەندین کەموکوڕی و نەرێنی هەبوو، ئاماژەی بەوەشکرد “ئەزموونی پێشوو هاندەر نییە بۆ گەڕانەوەی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لیژنەیەی ئەرکی وەرگرتن و پێداچوونەوەی بە ناوی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیرانی پێسپێردراوە “لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات”، ڕەتیکردەوە ناوی کازمی هەر لە لیستی کاندیدەکاندا هەبێت.
بەپێی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، پێشخستنی گەڕانەوەی کازمی لەلایەن گروپێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پێکهاتووە لە ڕاوێژکارانی پێشووی خۆی و کەسایەتییە میدیاییەکان، کە پێیان وایە ئەم ساتەوەختەی ئێستا- لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی واشنتۆن لەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و گفتوگۆکان سەبارەت بە پێویستی ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی لەناو دامەزراوە سیاسییە شیعەکاندا- دەتوانێت دەرفەتێک بخاتەڕوو بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی کازمی.
واقیعە سیاسییەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە ژینگەی گشتی ناو چوارچێوەی هاوپەیمانی ڕێگە بە کاندیدکردنی کەسایەتییەکی مشتومڕاوی وەک كازمی نادات، ئەمەش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی:
1- یادەوەری گرژییەکان لەگەڵ کوتلە دیارەکان: ماوەی کاتی كازمی وەک سەرۆک وەزیران، گرژترین ماوەی نێوان نووسینگەی سەرۆک وەزیران و کوتلە چەکدارەکان بوو، بەتایبەتی دوای پێکدادانەکانی ئۆکتۆبەری 2021. ئەمەش وایکردووە کە دووبارە کاندیدکردنی ئەو ببێتە شتێکی هەستیار بۆ هێزە کاریگەرەکانی ناو هاوپەیمانییەکە.
2- توندبوونەوەی هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی: ڕەنگە قۆناغی داهاتوو شایەتحاڵی فشارێکی بێ وێنەی ئەمریکا بێت بۆ سەر پێکهاتەی کوتلەکان، کە بە گوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان وایکردووە هاوپەیمانیەکە بەدوای کەسایەتییەکدا بگەڕێت کە “کەناڵی پەیوەندیی هەبێت، نەک ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا”.
3. هاوکێشەیەکی نوێی ناوخۆیی: هاوپەیمانی ئێستا مەیلی بەرەو کاندیدێکی “ئارام، بازاڕی نیشتمانی و نابەرامبەر” داوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دانوستانانەی لەگەڵ کورد و سوننەدا هەیە کە پێویستی بە نەرمییەکی زیاتر هەیە.
بەگوێرەی لێدوانەکەی عەبدولهادی، ئەو لیژنەیەی کە ئەرکی کاندیدکردنی پێسپێردراوە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە کارەکانی دەکات و ئەنجامەکانیشی لەناو هاوپەیمانییەکە دەخرێتەڕوو پێش ئەوەی لەگەڵ گروپە سیاسییەکانی دیکەدا گفتوگۆ بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا چەند ناوێک دەخرێنەڕوو- هەندێکیان ئەگەری سەرسوڕهێنەرن- بەڵام بڕیاری کۆتایی پەیوەستە بە کاردانەوەی کورد و سوننە، هەروەها لەسەر سروشتی ئەو لێکتێگەیشتنانەی، کە لە هەفتەکانی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێن. تا ئێستا پێناچێت كازمی بەشێک بێت لەم سیناریۆیە، سەرەڕای ئەوەی سەرنجی میدیاکان دەوریان داوە.
