کۆمپانیای گووگل ڕووبەڕووی داوای یاسایی دەبێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی لە کەرتی ڕیکلامی سەر ئینتەرنێت.
حکومەتی ئەمریکا داوای لە دادوەرێکی فیدراڵیی کرد فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی گووگل لە بواری ڕیکلامی سەر ئینتەرنێت دەربکات، بە بیانووی ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی تەکنەلۆجیا بەڵێنی پێداون جێگەی متمانە نین.
نوێنەرانی حکومەت ئەم داوایەیان لە کۆتایی وتارەکانیان پێشکەش کرد لەسەر کەیسی یاسایی تایبەت بە ئامرازەکانی ڕیکلامی سەر ئینتەرنێت، کە گووگل پەرەی پێداون و لەلایەن بڵاوکەرەوەی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەکارهێنراون بۆ فرۆشتنی شوێنی ڕیکلام.
وەزارەتی داد، لەگەڵ چەند ویلایەتێکی ئەمریکیدا، گووگل تۆمەتبار دەکەن بە قۆرخکردنی بازاڕی ڕیکلامی سەر ئینتەرنێت لە ڕێگەی “هەڵسوکەوتی نایاسایی و گەشەسەندنی بەردەوام لە ماوەی دە ساڵدا”.
بەپێی ئەم تۆمەتانە، گووگل چەند لایەنێکی سەرەکی ئەم بازاڕە کۆنترۆڵ دەکات، بە تایبەتی ئەو پلاتفۆرمانەی کە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان شوێنە ڕیکلامییەکانیان تێدا دەفرۆشن و ئەو پلاتفۆرمەی کە مامەڵەکان تێیدا ئەنجام دەدرێن، ئەمەش کۆنترۆڵێکی گەورەی بەسەر داوای ڕیکلامیدا پێدەدات. پێشبینی دەکرێت بڕیاری دادوەر لە مانگەکانی داهاتوودا دەربچێت.
گەیڵ سلەیتەر، یاریدەدەری داواکاری گشتی و بەرپرسی کەیسەکە، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسـەوە ڕایگەیاند: “پێویستە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، و پێمان وایە باشترین چارەسەر بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی قۆرخکاریی گووگل، کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕکابەرێکی نوێ.”
لە لایەکی ترەوە، گووگل دەڵێت کە ئەم پێشنیازە بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن حکومەتەوە دادەنرێت و دەبێتە هۆی ناجێگیرکردنی بازاڕ، جەختیشی کردەوە کە ئامرازەکانیان کارامەیی و داهێنان بەدی دەهێنن، هەروەها جیاکردنەوەی چالاکییە جیاوازەکان لە ڕووی تەکنیکییەوە مەحاڵە.
ئەمە دووەم داوای یاسایی دژە قۆرخکارییە کە لەم ساڵدا لە دژی کۆمپانیاکە -کە بارەگاکەی لە کالیفۆرنیایە- بەرز دەکرێتەوە. لە ئەیلوولی ڕابردوودا، دادوەرێک داواکارییەکی هاوشێوەی وەزارەتی دادی ڕەتکردەوە کە پەیوەندی بە بزوێنەری گەڕانی ئەلیکترۆنیی گووگلەوە هەبوو، کە حکومەت ویستی جیای بکاتەوە لە سەرجەم چالاکییەکانی دیکەی کۆمپانیا زەبەلاحەکە.
ئەم ڕێکارانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی فراوانتری حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی ڕکابەری بۆ کەرتی دیجیتاڵی، بەبێ ئەوەی تا ئێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست هێنابێت.
بزوێنەری گەڕانی گووگل زۆرترین داهاتی لە ڕێگەی ڕیکلامەوە دەست دەکەوێت. کۆمپانیای ئەلفابێت کە خاوەنی گووگلە، بەرزبوونەوەی لە داهاتی چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا تۆمار کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 102 ملیار دۆلار، کە نزیکەی 35 ملیاریان داهاتی پوخت بووە لە هەمان چارەکدا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
