دەوڵەت باخچەلی ڕایدەگەیەنێت، ئەوان نیو سەدەیە کاریگەری عەبدوڵڵا ئۆجالان دەزانن و سەردانیکردنی ئیمراڵیش هاوشێوەی هەر ناوچەیەکی دیکەی تورکیا ئاساییە و بەشێکە لە وڵاتەکە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوپەرستی تورکیا (مەهەپە) لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی ڕایگەیاند: ئەوان لە ڕابردوودا دەستەواژەکانی سەرکردەی تیرۆرست و منداڵکوژ و سەرکردەی باندیان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا بە سەرکردەی دامەزرێنەر ناوی دەبەن.
وتیشی، “ئێمە نیو سەدەیە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەوە لە کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجالان تێگەیشتوون و دەزانن چەند کاریگەرە”.
ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکانێک رەخنە لە بانگەوازەکەی دەگرن لەبارەی چوونە ئیمراڵی، ئەگەر ئەوان سەیری نەخشەی تورکیا بکەن دەزانن و دەبینن، کە ئیمراڵیش بەشێکە لە تورکیا، کەواتە هیچ جیاوازی لەنێوان سەردانکردنی ئیمراڵی و هیچ شوێنێکی دیکەی تورکیادا نییە، هەرکات کاتێک لە بەرنامەی کارلابرا، تورکیا چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی دەکات.
دەربارەی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی لەکارلادراوی مێردین وتی: کاتێک ئەحمەد تورک سەردانی کردوە، باسی زنجیرەی “شاری دوور”ی بۆ کرد، وتویەتی کە چەندە جوان وێنەی شارەکەمانی ماردین نیشان دەدات، دواتریش پێی وتوە : بەڵام شتێک لە وێنە و بابەتەکە كەمە ، سەرەتا ئەحمەد تورک تێنەگەیشتوە، دواتر باخچەلی وتویەتی: زنجیرەکە سەرۆکی شارەوانی مێردینی كەمە کە ئەحمەد تورکە.
