spot_imgspot_img

مالكی و بارزانی كۆبوونەوە

لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی شیعەكان، نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ هەریەكە لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالكی لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆتەوە و گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق كردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا، مالكی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆبۆتەوە و پرسی (چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان) یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆكە بووە.

لای خۆشیەوە، حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە کۆبوونەوەکەی نێوان نوسیر مالكی و مەسرور بارزانی دۆخی گشتیی عێراق دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان.

هاوكات لەگەڵ دیدارەكانی مالكی لە كوردستان، حزبی دەعوەی ئیسلامی كاندیكردنی (مالكی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند.

سەرەتای كێشەی نەوت و مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا، لەسەردەمی كابینەی دووەمی حكومەتی نوری مالكیدا لە ساڵی 2014 دەستیپێكرد، لەوكاتەوە تائێستا چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم كێشەیە نەدۆزراوەتەوە، بەتایبەتیش دەركردنی (یاسای نەوت و غازی فیدراڵ) كە سنوری دەسەڵاتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بەسەر سامانی نەوت و غازدا دیاری دەكات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە