spot_imgspot_img

ئێران بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێک داوای یارمەتی دەکات

زیاتر لە دوو هەفتەیە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی مەرزنئاباد لە پارێزگای مازندەرانی ئێران کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی ‘میهر’ بڵاوی کردەوە “ئاگری دارستانەکانی ‘ئەلیت’ لە ناوچەی مەرزنئابادی سەر بە پارێزگای مازندەران، زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامە و سەدان هێکتاری ئەو دارستانە سووتاون”.

میهر، لە درێژەی هەواڵەکەیدا نووسیویەتی، “سەرباری هەوڵ و تەقەللای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خۆبەخشانی ناوچەکە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە؛ چونکە ناوچەکە سەختە و ڕێگای گەیشتنی ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوەی نییە، جگە لەوە، وشکەساڵیش بووتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی و بە پەلە گەشە بکات”.

بە گوێرەی دواین هەواڵی گەیشتوو، شەش هێلیکۆپتەری ئاگرکۆژێنەوەی سوپای ئێرانیش بەشداریی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن. تا ئێستا شەش کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

محەمەد جەعفەر قائیمپەنا، یاریدەدەر جێبەجێکاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە ئاژانسەکانی ناوخۆی ڕاگەیاند “ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئاگرەکە دەکەین و لەگەڵ دەزگا پەیوەندییدارەکاندا هاوئاهەنگیی دەکەین، بەڵام ‘با’ی بەهێز و سەختیی ناوچەکە و وشکەساڵی ئاگرەکەیان بە هێزتر کردووە”.

قائیمپەنا، باسی لەوەشکردووە: مەترسی ئەوە لە ئارادایە ئاگرەکە فراوانتر بێت و بگاتە دارستانەکانی دەوروبەر؛ سەرباری بەشداریی17 تیمی ئاگرکوژێنەوە و شەش هێلیکۆپتەر لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە داوای یارمەتیی بە پەلەمان لە وڵاتانی دۆست کردووە.

یاریدەدەری جێبەجێکاری سەرۆک کۆمار، ڕوونی نەکردەوە مەبەستی لە ‘وڵاتانی دۆست’ کێیە. بەڵام قسەکانی نیشانەی سەختیی بارودۆخەکە و گەورەیی ئاگرەکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە