کۆبوونەوەی باڵا لە هەرێم ئەنجام دەدرێت و بریارە نووری مالیکی سبەی لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆببێتەوە و راوێژکاری مالیکی دەڵێت” ئامانجی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ و پۆستە سیادییەکان”.
میدیای سەر بە پارتی بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی شەممە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بگاتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆببێتەوە.
هیشام ڕوکابی، ڕاوێژکاری نووری مالیکی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی “ڕووداو”ـی ڕاگەیاندووە کە “بڕیارە سبەی بەیانی، نووری مالیکی بگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.”
بەگوێرەی لێدوانی ڕاوێژکارەکەی مالیکی، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە بریتییە لە، گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، و تاوتوێکردنی پۆستە سیادییەکانی عێراق، کە بریتین لە سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، کۆمار و سەرۆکوەزیران.
دوێنێ پێنجشەممەش، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق لەسەر لیستی پارتی، سەردانەکەی پشتڕاست کردەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە شەوی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ کۆبووەوە و خۆی وەک گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان ڕاگەیاند.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەی داوە، یەکەم، بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، و دووەم، بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا وەک هێزی یەکەمی باشووری کوردستان مایەوە و زیاتر لە ١ ملیۆن دەنگ و ٢٧ کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی نێوان مالیکی و بارزانی ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە یەکلاکردنەوەی پۆستەکان و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.
