spot_imgspot_img

بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەنگلادشی هەژاند

 بوومەلەرزە ناوەڕاستی بەنگلادش دەهەژێنێت ٣ کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە.

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ناوەڕاستی بەنگلادشی هەژاند، کە بەپێی ئامارێکی سەرەتایی وەزارەتی تەندروستیی بەنگلادش، بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٣ کەس و برینداربوونی دەیان کەس.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، یەکێک لە قوربانییەکان خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکی بووە لە گەڕەکی ئەرمانیتولا لە دەوروبەری داکای پایتەخت بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی قوربانییان و بریندارانی دیکە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ١٠:٣٨ی بەیانی نزیک شاری نارسینگدی بە دووری نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی داکا ڕوویداوە، دەستەکە هۆشداریی لە ئەگەری ڕوودانی ژمارەیەکی زۆری قوربانی داوە بەهۆی چڕیی دانیشتووانەوە.

ئامێرەکانی چاودێریی کەشوهەوای بەنگلادێش گوڕی بوومەلەرزەکەی بە ٥.٧ پلە خەمڵاندووە و ناوەندەکەی لە شاری مبهابدی لە پارێزگای نارسینگدی دیاری کردووە، و ئاماژەیان بەوەداوە کە لەرینەوەکە ٢٦ چرکەی خایاندووە کە ماوەیەکی درێژە.

بوومەلەرزەکە لە ڕۆژێکی پشووی هەفتانەدا ڕوویدا کە زۆربەی دانیشتووان لە ماڵەکانیاندا بوون ئەمەش هەستکردنی بە توندیی لەرینەوەکە لە داکا و ناوچەکانی دەوروبەری زیاتر کرد.

کاریگەریی بوومەلەرزەکە گەیشتە هیندستان و دانیشتووانی شاری کالکوتا هەستیان پێکرد کە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە داکاوە دوورە.

هەرچەندە بوومەلەرزە لە بەنگلادش بەردەوام ڕوودەدات بەڵام دوایین بوومەلەرزەی بەهێز کە زیانی گەیاندبێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٦، ئەمەش وادەکات ئەم بوومەلەرزەیەی ئێستا لە بەهێزترین بوومەلەرزەکان بێت لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە