لە وتەیەکدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو تیشکی خستە سەر هاوڕێیەتی و دۆستایەتی نێوان خۆی و مامۆستا مەلا موسا، و ڕایگەیاند کە کۆچی ئەم مامۆستایە کەلێنێکی گەورە دروست دەکات. ئومینداری یەکگرتوو ستایشی پاکی و سپێتی مێزەری مامۆستا موسای کرد و وتی: “حورمەت و عیززەت و قەدری مێزەرەکەی زانی.”
سەلاحەدین بەهائەدین جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی و ناوەندە دینییەکان کردەوە لە مێژووی گەلی کوردا و ڕایگەیاند،”ڕەنگە خەڵکانێک سەلیقەیان نەشکێت بەوەی کە مێژووی کورد و کوردستان بەستراوەتەوە بە خانەقا و مزگەوت و تەكیە و شوێنە دینیەكانی كوردستان.”
ئاماژەی بەوەدا، کە حوجرەکان سەرچاوەی زانست بوون و مامۆستا مەلا موسا دەستێکی باڵای هەبوو لە بوونیادنانەوەی حوجرە و ناوەندەکانی بانگخوازیدا.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو جەختێکی گرنگی خستەسەر پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی کورد و زانایانی ئایینی و وتی”جگە لەوە کە فەرماندە و سەركردەكان یان مەلا بوون یان كوڕە مەلا بوون یاخود نزیك لە مەلا بوون، مەلای كورد دەورێكی گرنگی بینیوە لە مێژووی شارستانیەتی گەلی كوردستان.”
لە کۆتاییدا داوای کرد کە دەبێت وەفادار بین و بەردەوام بین لەسەر زیندووکردنەوەی حوجرەکان و ڕێگە نەدەین ئەو نەریتە جوانە بکوێرێتەوە، چونکە مزگەوتەکان بە مامۆستایانی ئایینییەوە جوانن.
