شارەزایەکی کەسناسی زانیاری نوێ لەسەر دۆخی بارانبارین لە هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت” گۆڕانکاریی گەورەی زەریاکان و گەڕانەوەی دابارین بۆ هەرێمی کوردستان ڕوودەدات”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە خەلك-ی ڕاگەیاند، بەپێی نوێترین گۆڕانکاریی و پێشبینییەکان لەسەر ئاستی جیهان، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا هەنگاوی باشتربوون و گەڕانەوەی دابارین بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری بنرێت، بەهۆی گۆڕانی دۆخی کەشوهەوای دوو زەریای سەرەکی.
بەوتەی شاڵاو هیدایەت، لە مانگەکانی داهاتوودا دۆخی زەریای ئەتڵەسی (باشوور) لە ساردییەکی لاوازەوە دەگەڕێتەوە دۆخێکی نیوتڕاڵ (Neutral)، و لە مانگی کانوونی یەکەمەوە (١٢) و بەولاوە بۆ تەواوی وەرزی زستان، لە دۆخی نێگەتیڤی (سارد و دژ) دەردەچێت و دێتە دۆخی نیوتڕاڵ (Neutral). ئەم گۆڕانە ئەرێنییە بە تایبەت لەسەر دابارینی ناوچەکە کاریگەریی باشی دەبێت.
شاڵاو هیدایەت ڕوونیشیکردەوە، دیاردەی لانینای لاواز کە ماوەیەکە لە سەرانسەری ئاوەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن باڵادەستە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی پایزی ئەمساڵدا بگاتە کۆتا باڵادەستبوونی، و لەناو مانگی یەک (کانوونی دووەم)دا دیاردەکە زۆر لاواز دەبێت و دۆخی نیوتڕاڵ بەسەریدا زاڵ دەبێت. هاوکات لە مانگی دوو (شوبات)دا، لانینا بە ڕێژەی ١٠٠٪ کۆتایی دێت و تێکدەشکێت، بەو هۆیەشەوە دۆخی نیوتڕاڵ بە تەواوی باڵادەست دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای نەمانی دیاردەی لانینا، پێشبینی دەکرێت دیاردەی ئێل نینۆ وردە وردە سەرهەڵبدات و خۆی بنوێنێت. ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە ساڵانی باشتر چاوەڕێی ناوچەکە دەکەن و وشکەساڵی لەسەر ناوچەکان دوور دەکەوێتەوە. گەڕانەوەی کەشوهەوای تەڕ و تووشی و داباریناوی بۆ ناوچەکانمان چاوەڕوان دەکرێت و بۆ چەند ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
