سەرۆکی یەکێتی لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”رۆژی شانازی و هەڵدانەوەی لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووی خەباتی کوردایەتیمانە”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی شانازی و هەڵدانەوەی لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووی خەباتی کوردایەتیمانە، بۆ ئێمەش ساتی بیرهێنانەوەی ئەو قوربانییانەیە کە رۆڵەکانی یەکێتی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتی خوێنی خۆیان کردە خەڵاتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی بە شانازییەکی زۆرەوە، ئەمڕۆژە بەرز ڕادەگرێت و بە شکۆوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە بە خوێنی خۆیان کوردستانەکەمانیان گەیاند بە ئەمڕۆ.
بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، ئێمە خەم و ئازاری چەند ساڵەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان لەیادنەکردووە. هەوڵەکانمان بۆ بوونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان، هێمای وەفاداری و دڵسۆزیمانە بۆ شەهیدان و ئەو بەها باڵایانەی رۆحی خۆیان لەپێناودا بەخشیوە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتی و سەرجەم شەهیدانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان.