spot_imgspot_img

دابەشکردنی زەوی لە سلێمانی خاوبووەتەوە

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران کۆبووەوە و جەختی لە خێراکردنی پڕۆسەکە کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ لیژنەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران ئەنجامدا، بە مەبەستی بەدواداچوون و تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دابەشکردنی زەویی ئەو فەرمانبەرانەی کە ئەمساڵ ژمارە زەوی هەواییان بە شێوەی تیروپشک بۆ دابینکراوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی شارەوانی جەختی لەسەر هەوڵدان بۆ زوو تەواوکردنی پڕۆسەکە کردەوە. لە بەرامبەردا، لیژنەی ئامادەبوو سەرجەم ئەو کار و ڕێکارانەیان خستەڕوو کە سەرەڕای کێشە و قەیرانی دارایی، نەبوونی مووچە و میلاکی پێویست، لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەوە ئەنجامدراون و تەواوکراون.

لیژنەکە ڕایگەیاند، کە سەرجەم کار و ڕێکارەکانی جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەکان تەواو کراون و نێردراون بۆ ئەو فەرمانگانەی کە پەیوەندیدارن بە کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەستلێهەڵگرتن لێیان، و پاشان ناردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە (تاپۆ).

 لیژنەکە لە ئێستادا چاوەڕێی وەڵامی ئەو فەرمانگانەن تا سەرۆکایەتیی شارەوانی بتوانێت ڕێکارەکانی وەرگرتنی ژمارە زەوییەکان و نووسراوی تۆمارکردنیان بە ناوی فەرمانبەرانەوە بۆ تەواو بکات.

سەرۆکی شارەوانی داوای کرد، کە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بە خێرایی تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانی بتوانێت دەست بکات بە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە ماون.

لە کۆتاییدا، لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم بابەتە پێویستی بە ستاف و تیمی زیاتر و بودجە هەیە، بەتایبەتی دوای خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر لەم ساڵدا و کەمیی میلاکی تایبەت بە پڕۆسەی دابەشکردن و جیاکردنەوەی زەوی. لیژنەکە داوایان کرد کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەم کێشانە چارەسەر بکەن، چونکە تا وەڵامەکان لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان نەگەڕێتەوە، لیژنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی ناتوانن ڕێکارەکان خێراتر بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە