سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕوونکردنەوەی لەسەر بڕیاری زیادکردنی بڕی 150 هەزار دیناری دەرمالەی مامۆستایان بڵاوکردەوە و دەڵێت”بۆ ئەمساڵ جێبەجێ نابێت”.
عبدالواحد محمد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق پەڵپی لە هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردە ی عێراق لە لایەن پەرلەمانەوە گرت ، تایبەت بە زیادکردنی بڕی 150000 هەزار دینار دەرماڵەی تایبەت کە وتویانە ناتوانین خەرجی بکەن لەبەر نەبوونی تەخسیساتی دارایی، دیارە ئەو پەڵپە بووە هۆی هەڵوێست وەرگرتن لە لاین نەقابەی مامۆستایانی عێراق و مامۆستایان بە گشتی، دژی ئەو پەڵپەی وەزارەتی دارای، لە لایەن خۆمانە پشتگیریمان کردن.
پێویستە بوترێ لێرە هەندێ کەس بە ناوی یەکێتی مامۆستایانەوە وتویانە ئەو دەرماڵە زیادەیە مامۆستایانی هەرێمیش دەگرێتەوە، لەوبارەیەوە بە باشمان زانی ئەم رونکردنەوە بخەینەڕو:
1- جارێ ئەم ساڵ جێبەجێ نابێت بۆ 2026 دواخراوە،بە مەرجی تەخسیس کردنی بودجە، عێراق حکومەتەکەی بە پێی بودجەی دیاریکراو کاردەکات.
2- دیارە ئەو زیادەیە لە چوارچێوەی هەمواری یاسای وەزارەتی پەروەردەی عێراقدا هاتوە،لەبەر ئەوەی لە هەرێمیش یاسای وەزارەتی پەروەردە هەیە ، دەبێ لە هەرێمیش، ئەو هەموارە بکرێت، پرسیارەکەش ئەوەیە کێ بیکات؟ لەو بارەیەوە یەک ئەگەر هەیە ئەویش بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە کە بڵێت ئەو زیادەیە مامۆستایانی هەرێمیش بگرێتەوە.
3- لەڕاستیدا لە ئێستاوە بانگەشەکردن کە ئەو زیادەیە مامۆستایانی هەرێمیش دەگرێتەوە، زوە، چونکە تا ئەم ساتە مامۆستایانی هەرێم لە چەند ئیستحقاقێکی یاسایی بێ بەشن حکومەتی هەرێمیش لای لێ نەکردۆتەوە،لەوانە:
آ- سەرموچە و بەرزکردنەوەی موچە کە لە 1/2/2016 راگیراوە.
ب- دوازدە موچەی پاداشتی خانەنشینی. ج- 100000هەزار دیناری خانەنشینان ، ئەوانەی بە تایبەت موچەکانیان لە ملیۆنەک کەمترە.
د- چەندین پێدارویتر وەک سولفەی عەقاری و زەواج و نەخۆشی . دیارە هەموو ئەوانە بە یاسا رێکخراون کەچی هەموو مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لێیەوە مەحرومن، ترسەکەش ئەوەیە ئەو زیادکردنی دەرماڵەش بەو دەردە بچێت.
بۆیە دەبێت خۆمان بۆ هەوڵ و تەکاندان ئامادە بکەین، هەموو ئامرازەکانی خەباتی مەدەنی بەکار بهێنین بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە و مافەخوراوەکانیترمان، واتە دەبێت هەر لە ئێستاوە خۆمان بەرهەڤ بکەین،لە کاتێکدا ئەگەر ساڵی داهاتو ئەو پێدراوە چوە بواری جێبەجێکردنەوە مامۆستایانی هەرێم بەدەرکران کە ئومێد دەکەم سەرۆکی وەزیرانی عێراق بڕیارێک بە قازانجی مامۆستایانی هەرێم بدات و بیانگرێتەوە، ئەگەر نا نابێت بێدەنگ بین، ئیتر بە خۆپیشاندان بێت یان چونە بەغدا و یان هەر هەنگاوێکیتر کە پێویست بکات، نابێت چیتر بێدەنگ بین، بە داخەوە هەرچی بڕینی پارە بیت زوبەزو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هەرچی لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران بێت نادرێت.
