وەزارەتی خوێندنی باڵا دابینکردنی ٤٠٠ کورسی لە نێوان هەرێم و زانکۆکانی ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکرد.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) ڕایگەیاند کە پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتن بە شێوەی ئۆنلاین بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدەهەمی ئامادەیی لە نێوان هەرێم و زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستیپێکرد.
وەزارەتەکە ڕوونیشی کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە بەشێکە لە هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە ڕێگە بە خوێندکارانی هەردوو لا دەدات لە زانکۆکانی لایەنی بەرامبەر بخوێنن:
دەرچووانی هەرێم (٢٠٢٤-٢٠٢٥): دەتوانن لە ئێستاوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشکەش بکەن.
دەرچووانی ناوەڕاست و باشوور: دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێم پێشکەش بکەن.
لە ئەنجامى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى فیدراڵی، بڕیار درا کە هەریەک لە لایەنەکان ٤٠٠ کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی لایەنی بەرامبەر دابین بکەن.
مۆڵەتی پێشکەشکردن بۆ دەرچووان تا ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٠٢٥/١١/٢٥، بەردەوام دەبێت.
دەرچووان دەتوانن لە ڕێگەی لینکی regayzanko.com داواکارییەکانیان بە ئۆنلاین پێشکەش بکەن.
