دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت”دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی بە هاوکاری کەرکوک بووە نەک حەشدی شەعبی”.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمڕۆ، پێنجشەممە، (٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر لە شاری سلێمانی لە ڕێکەوتی ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە، کە گوایە دەستگیرکردنەکە لەلایەن دەستەی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام درابێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند کە هەواڵی بڵاوکراوە لە سۆشیال میدیا سەبارەت بەوەی حەشدی شەعبی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری لە سلێمانی دەستگیر کردبێت، “دوورە لە ڕاستییەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایش، چالاکیی دەستگیرکردنەکە بە سەرکەوتوویی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەنجامدراوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک کە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، لە دوای گەیشتنی نووسراوی فەرمی دادوەری لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک، تیمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێم بە هاوکاری تیمی کەرکوک، کە پێکهاتبوون لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو و سێ ئەفسەری دیکە، توانییان بازرگانەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر بڕی ٣ کیلۆگرام حەشیشدا بگرن.
لە ئێستادا، تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لە گرتووخانەی دەزگای ئاسایش لە شاری سلێمانی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.

