ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی “تێسلا” و “ئێکس”، ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشبینی کرد کە جیهان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە چەمکەکانی کار و پارەدا بەخۆوە ببینێت لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا، بە لەبەرچاوگرتنی خێرابوونی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاکانی ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤ.
ماسک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، ڕۆبۆتەکانی هاوشێوەی مرۆڤ ‘گەورەترین داهێنان’ دەبن لە قۆناغی داهاتوودا،” ئاماژەی بەوەش کرد کە “توانا پێشبینیکراوەکانیان بازاڕی کار لە نوێدا داڕێژێتەوە، و ئاسۆیەکی بێوێنە لە سێکتەرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا دەکاتەوە.”
ماسک دەشڵێت, ئەم ڕۆبۆتانە تەنها گەشەسەندنێکی تەکنیکی نابن، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکی دەبن بۆ نەهێشتنی هەژاری لەسەر ئاستی جیهان، لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنان و کارایی ئابوورییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانێکی گشتگیر لە ژێرخانە دیجیتاڵی و چارەسەرە زیرەکەکاندا.”
ماسک پێشبینی کرد، کە کارکردن لە ماوەی ١٠ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوودا پێویست نابێت بۆ مرۆڤ، بەڵکو دەبێتە هەڵبژاردەیەک وەک وەرزشکردن یان خولیایەکی تایبەت، لە سێبەری توانای ڕۆبۆتە زیرەکەکان بۆ ئەنجامدانی زۆربەی ئەرکەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری بە کاراییەکی بەرزتر و تێچوویەکی کەمتر.
جەخیشیکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە گرنگی پارەی باو، چونکە دراوەکان ڕەنگە بەشێک لە بەها و ڕۆڵیان لە ئابووری جیهانیدا لەدەست بدەن.”
ماسک ئاشکرای کرد، کە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی تەکنیکی گەورە لە سعودیە بە هاوکاری لەگەڵ (NVIDIA) و کۆمپانیای (Humane) دەکرێت، ئێستا شانشینی سعودیە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێشبڕکێی گەشەپێدانی ژێرخانەکانی ژیری دەستکرد، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە شوێنێکی نموونەیی بۆ پڕۆژەکانی داهاتوو کە کاریگەریی جیهانییان دەبێت.
ئەم لێدوانانە لە دانیشتنێکی نائاساییدا هات کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکی-سعودیدا بەڕێوەچوو، و جنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “NVIDIA”، و ئەندازیار عەبدوڵڵا ئەلسواحە، وەزیری گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری سعودیە، بەشدارییان تێدا کرد، تێیدا بەشداربووان گفتوگۆیان لەبارەی داهاتووی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد و کاریگەرییان لەسەر ئابووری جیهانی کرد.
