شاندێکی یەکێتی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی کرد و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ گفتوگۆیان کرد.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە نزار ئامێدی، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا سەرۆکایەتی دەکرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، هەردوولا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان لەیەکتر کرد و نوێترین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی تاوتوێ کرا.
لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی کار و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری و پابەندبوون بە دەستوور وەک لێڤەگەڕی سەرەکی بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و مسۆگەرکردنی مافەکانی هاووڵاتیان.
سوودانی ئاماژەی بە پێویستیی بەهێزکردنی هاوبەشی و هاوکاری نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد بۆ پەلەکردن لە تەواوکردنی ئیستیحقاقەکان و پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی کارە لەپێشینەکانی قۆناغەکەی هەبێت، هەروەها لەگەڵ تەواوکردنی پرۆسەی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

