هێزەکانی سووریای دیموکرات دوو درۆنی چادێرییان خستەخوارەوە کە لە پێگەکانی حکومەتی کاتیی سووریاوە ئاڕاستەکراون، بەڵام دیمەنە تۆمارکراوەکانی ناویان پەیوەندەی نێوان داعش و هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویکردەوە کە دوێنێ دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)یان خستە خوارەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەنگەرەکانی گرووپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە لە سنووری گوندی غانم ئەلعەلی ڕۆژهەڵاتی ڕەققە ئاڕاستەکراون و ناوچەکە نزیکەی هەفتەیەکە ڕووبەڕووی پەلاماری گروپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بووەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە دوای دەستبەسەرداگرتنی پاشماوەی هەردوو درۆنەکە تیمە تەکنیکییەکانیان توانییان داتاکانی بیرگەیدرۆنێکیان دەربهێنن کە لە جۆری (ماتریک ئێم 30)ە.
دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو تیمەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی بەکارهێناوە و لە سەنگەرەکەی سەر بە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعەوە ئاڕاستەی کردووە، چەکداری بیانیی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە.
ئەو چەکدارانە لە سەنگەرەکانی حکومەتی دیمەشق جێگیر بوون و لە بەرامبەر هێڵەکانی بەرگریی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەستاونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە “ئەم داتایانە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەوە دەردەخەن کە چەند گرووپێکی حکومەتی دیمەشق هاوکاری لەگەڵ چەکدارە بیانییەکانی سەر بە داعش دەکەن و ڕێگە بە چەتەکانی داعش دەدەن کە سەنگەرەکانی ئەم گرووپانە بەکار بهێنن بۆ ئەنجامدانی سیخوڕی و هێرشی بێفڕۆکەوان. ئەمەش ڕێگە بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دەدات بە شێوەیەکی مەترسیدارتر هێزی خۆی نوێ بکاتەوە”.
هەسەدە ڕایگەیاند: “هێزەکانمان داوا لە هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن کە بەدواداچوون بۆ ئەم زانیارییە مەترسیدارانە بکەن و لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر ئەو بابەتەی کە چەکدارانی بیانیی داعش لەسەر هێڵەکانی تەماس فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەکار دەهێنن… پشتگوێخستنی ئەم پێشێلکارییانە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات و ڕێگە بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەدات جارێکی تر خۆی ڕێکبخاتەوە و هاووڵاتیان و کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی تیرۆر بکاتەوە”.
