خالید بن عەبدولعەزیز ئەلفالیح، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودیە، ئاشکرای کرد بەهای ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ڕیاز و واشنتۆن واژوو کراون گەیشتووەتە ٥٥٧ ملیار دۆلار.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی “ئیخبارییە”ی سعوودیە، ئەلفالیح باسی لەوە کرد لە چوارچێوەی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکا-سعوودیە کە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، ٢٤٢ ڕێککەوتنی وەبەرهێنانیان لەگەڵ ئەمریکا واژوو کردووە.
وتیشی: “بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان سعوودیە و ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆر ڕێککەوتنمان لە یەکە جیاوازەکاندا واژوو کرد. تێکڕای بەهای ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ڕیاز و واشنتۆن واژووکراون گەیشتووەتە ٥٥٧ ملیار دۆلار”.
ئەلفالیح ئاماژەی بەوەیش کرد ئەمریکا گەورەترین وەبەرهێنەری بیانییە لە سعوودیە و، ساڵی ٢٠٢٥ خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لە گەشەکردنی هاریکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها ئەلفالیح تیشکی خستە سەر ئەوەی مێژووی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٩٠ ساڵ، کە ئەوەیش کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی جیهانی هەیە.
پێشتریش محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاندبوو کە دەیانەوێت ئاستی وەبەرهێنانەکانیان لە ئەمریکا بگەیەننە یەک ترلیۆن دۆلار.
