١٣٠ تانە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە و ئەمڕۆش دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی تانە.
حەسەن هادی، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣٠ تانە لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق تۆمارکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی تانە و پاشان دەستدەکرێت بە پێداچوونەوەیان.
ڕاشیگەیاند، دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ دادگای فیدراڵی بەرزدەکرێتەوە بەمەبەستی پەسەندکردنی و دواتریش سەرۆک کۆمار دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ دەکات یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدات.
ماددەی (٥٤)ی دەستوور دەڵێت: “سەرۆک کۆمار بە فەرمانی کۆماری پەرلەمان بانگهێشت دەکات بۆ کۆبوونەوە لە ماوەی پازدە ڕۆژدا لە ڕێکەوتی پەسەندکردنی ئەنجامە گشتییەکانی هەڵبژاردنەکان و دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی.”
تا ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە و سەرۆک وەزیرانی داهاتووش هەر لەو هاوپەیمانییەی شیعەکان دەستنیشان دەکرێت.
لای خۆیەوە، عەقیل ڕودەینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بە ڕپژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا گەورەترین کوتلەیە و یەکگرتووییەکی ڕوون لە نێوان ئەندامەکانیدا هەیە و پابەندیشە بە پێوەرە وردەکانی کارامەیی و شارەزایی ئابووری ئەو کەسانەی کە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت کاندیدیان دەکات.
