spot_imgspot_img

ئیلهام ئەحمەد: خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەست پێدەکاتەوە

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر ڕایدەگەیەنێت، بەم نزیکانە خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەست پێدەکاتەوە و دەشڵێت: یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە چوارچێوەی پێکهاتەی سەربازی نوێدا تایبەتمەندی تەواوی دەبێت.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (رۆژاڤا) وتی: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بەم نزیکانە کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمریکا لقەکانیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەنەوە.

وتیشی: رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە لەسەر یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو سوپای سووریا، لەگەڵ گەرەنتیكردنی تایبەتمەندی تەواو بۆ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە چوارچێوەی پێکهاتە سەربازییە نوێیەکەدا.

ڕاشیگەیاند، پێویستە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر لە سەرانسەری سووریا فراوان بكرێت و سووریا پێویستیەكی زۆری بە سیستەمێکی نا ناوەندێتی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری، بۆیە بەم نزیکانە خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ دیمەشق دەست پێدەکاتەوە.

جەختیشی کردەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە پرسەکانی پەروەردە و ئەو بڕوانامانەی کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە دەردەچن، دەبێت دیمەشق بە فەرمی دانیان پێدا بنێت.

دەشڵێت: میدیاکانی سەر بە حکومەتی راگوزەر هەوڵی شێواندنی وێنەی ئیدارەی خۆسەر و هاندانی ناتەبایی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەدەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە