spot_imgspot_img

خانەنشینى سلێمانى وەڵامى نووسراوەکەى وەزارەتى دارایى دایەوە

بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى سلێمانى دەربارەی ڕاگرتنى مووچەى ئەو خانەنشین و واریسانەی کە هەژماری منیان نییە دەڵێت: مووچەى هیچ کەسێک ڕاناگیرێت.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، مووچەى مانگەکانى ئەیلول و تشرینى یەکەمى هیچ خانەنشینێک لە هەرێمى کوردستان بەهۆى نەبوونى هەژمارى منەوە ڕاناگیرێت، بەڵکو ئەوە فشارێکە لەلایەن هەولێرەوە بەکاردەهێنرێت لەسەر ئەو مووچەخۆرانەى هەژمارى منیان نییە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو خانەنشینانەى لە سلێمانى بەڕێگەى هەژمارى من مووچە وەردەگرن، هیچ بانکێکى هەژمارى منیان بۆ وەرگرتنى مووچە بۆ دیاری نەکراوە.

ڕاشیگەیاند، ژمارەى ئەو خانەنشینانەى لە سلێمانى هەژمارى منیان هەیە و لەو ڕێگەیەوە مووچە وەردەگرن، لە 50 بۆ 60 کەس تێپەڕناکات، ئەوانەش لە سلێمانى تەمویلى مووچەکانیان ناکرێت بەڵکو لە هەولێرەوە دەکرێت و ئەوەش گرفتى بۆ ئەوان دروستکردووە.

بەگوێرەى ئامارى خانەنشینى سلێمانى 50%ـى فەرمانبەرانى سنوورەکە، هەژمارى منیان نەکردووە و ناتوانرێت مووچەکانیان ڕابگیرێت.

ئەوەش دواى ئەوەدێت، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى ئەو خانەنشینانە بڵاوکردەوە کە فۆڕمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە و ڕایگەیاند، مووچەی مانگی ئەیلولى سەرجەم ئەو خانەنشین و واریسانە ڕادەگیرێت، کە هەژماری منیان نییە، دەشڵێت: لەدوای سەری ساڵەوە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی کاش نامێنێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە