سەردانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا و دەستگیرکردنی چەند سەربازێک بە تۆمەتی قاچاخچێتی چەک دەنگۆی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، (١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥)، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی، و گیدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی، و ئەیال زامیر، سەرۆکی ئەرکان، سەردانی خاکی سووریایان کردووە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەدا، کە گەشتەکەی ناتانیاهۆ و کاتس بۆ ناو خاکی سووریا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوان ئیسرائیل و سووریادا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت” بڵاوی کردەوە، کە ئامانجی گەشتەکە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مەیدانی و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی بەرەی باکوور.
هاوکات، دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عیبری بڵاویان کردەوە، کە دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) و پۆلیسی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک لە دانیشتوانی باکووری ئیسرائیلیان دەستگیر کردووە، کە لەنێویاندا ٥ سەربازی هەمیشەیی و یەدەگ هەن، جگە لە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی سووری، بە گومانی قاچاخچێتی چەک لە سووریاوە بۆ ئیسرائیل لە ڕێگەی گوندی “حەجەر”ی سووری، نزیک سنووری بەرزاییەکانی جۆلان.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، چەکە قاچاخکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ گرووپە تاوانکارییەکان کە لە باکووری ئیسرائیل کار دەکەن.
لەنێو گومانلێکراوەکاندا “ئیاد حەلەبی” تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی گوندی “یەرکا”یە، کە پلەی نقیبی پلە یەک (رقيب أول)ی هەیە لە لیوایەک لە کەرتە باکوورییەکە.
