spot_imgspot_img

مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوە

مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی لە دهۆک کۆبوونەوە و جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد و یەکڕیزی لایەنەکان کرایەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری دهۆک، مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە، و عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کوردی باکوور، و چەند کەسایەتی و بەرپرسی دیکەی ڕۆژئاوا ئامادەی بوون، مەسعود بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداربوونی هەردوو لا لە کۆڕبەندی مێپس ٢٠٢٥ لە دهۆک.

بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراتیانە و ئاشتییانە لە چوارچێوەی سووریای نوێدا کردەوە، لەگەڵ چارەسەرکردنی هەڵەکانی ڕابردوو و دووبارە نەبوونەوەیان.

هەروەها بارزانی داوای پشوودرێژی، تەبایی، و یەکڕیزی لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد کرد و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێن.

مەزڵوم عەبدی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی بۆ کۆڕبەندی مێپس ٢٠٢٥.

فەرماندەی هەسەدە ستایشی ڕۆڵی بارزانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها، مەزڵوم عەبدی پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی کردنەوەی دەرگا بۆ حەواندنەوەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و پاڵپشتییەکانی هەرێم لە تێکشکاندنی تیرۆر.

مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پێویستیی پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا، دوو تەوەر و بابەتی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە تێیدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە