spot_imgspot_img

لافاو ناوچەکانی ئێران دەگرێتەوە

زیاتر لە ١٩ بەنداو لە ئێران لەسەر وشکبوونی کۆتایین بەهۆی کەمی بارانبارینەوە.

بارانبارینی بەخوڕی ڕۆژی دووشەممە بووە هۆی لافاو لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە وشکەساڵی کە بووەتە هۆی خراپترین قەیرانی ئاو لە وڵاتەکەدا لە چەند دەیەی ڕابردوودا، و دەسەڵاتدارانی ناچار کرد لە سەرەتای هەفتەدا پڕۆسەی کوتان و باراندنی هەورەکان دەست پێبکەن.

ڕێکخراوی کەشناسی ئێران ئەمڕۆ هۆشداریی لەبارەی لافاو لە ٦ پارێزگای ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا دەرکرد، و ڕایگەیاند کە پێشبینی بارانبارین دەکەن لە ١٨ لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێراندا.

ئاژانسی “ئێرنا”ی ئێرانی ڕایگەیاند، کە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژئاوا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لافاویان تێدا دروستبووە، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لە زیانە مادی و مرۆییەکان و هۆشداری بە هاووڵاتیان بدەن لە نزیکبوونەوە لە ناوچە لافاوەکان و دوورکەوتنەوە لە ڕووبارەکان.

جگە لە باران، بەفر لە بەرزاییەکان و ناوچە شاخاوییەکان باریوە، و هەندێک ناوچەش ڕووبەڕووی شەپۆلی تەرزە بوونەتەوە بەپێی ئاژانسەکە.

ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەست وشکەساڵییەکی گەورەوە دەناڵێنێت، چونکە ئاستی بارانبارین لە سەرانسەری ئێراندا ٨٥% کەمترە لە تێکڕا، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ناو بەنداوەکان و بڕینی دابینکردنی ئاو، لەوانەش بۆ ناوچەکانی پایتەخت تاران.

خراپی بەڕێوەبردن و هەڵکەندنی نایاسایی بیرەکان و شێوازەکانی کشتوکاڵی ناپێویست، ئەم قەیرانەیان قوڵتر کردووەتەوە کە دەسەڵاتداران دەڵێن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواشەوە زیاتر بووە.

بارودۆخی وشکەساڵی توند و درێژخایەن ئەگەری ڕوودانی لافاو زیاد دەکات، چونکە وشکەساڵی توانای زەوی بۆ هەڵمژینی ئاو کەم دەکاتەوە.

کوتان و باراندنی هەورەکان پڕۆسەیەکە، کە تێیدا ماددە کیمیاییەکان لە هەورەکاندا بڵاودەکرێنەوە بۆ زیادکردنی بارانبارین لەو بارودۆخانەدا کە کەمی ئاو جێگەی نیگەرانییە. بەڵام ئەم تەکنیکە تەنها کاتێک دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت کە بارودۆخی ژینگەیی باشتر بێت و تەنها وەک چارەسەرێکی کاتی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە