spot_imgspot_img

یەکێک لە داواکراوترین تایبەتمەندییەکانی واتسئاپ بەم زووانە دەگات

تایبەتمەندییە نوێیەکە ڕێگە دەدات زیاتر لە یەک هەژمار لە یەک وەشانی ئەپەکەدا ببەسترێتەوە.

لە ئێستادا، کۆمپانیای “مێتا” خەریکی تاقیکردنەوەی وەشانی نوێی واتسئاپە کە پشتگیری لە بەکارهێنانی زیاتر لە یەک هەژمار دەکات لە ڕێگەی ئەپەکەدا، بەبێ ئەوەی پێویست بە بەکارهێنانی چەند ئەپێکی جیاواز بکات، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕی تەکنیکی “9to5Mac” بڵاوکراوەتەوە.

تیمی “WABetaInfo” ئەم تایبەتمەندییە نوێیەیان لە نوێترین وەشانی تاقیکاریی واتسئاپدا بەدی کردووە، هەروەها چەند ئاماژەیەک بۆ ئەم تایبەتمەندییە لە کۆدی وەشانی تاقیکارییەکەدا هەبووە.

بەپێی ئەوەی لە وەشانی تاقیکارییدا هاتووە، بەکارهێنەران دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی لیستی ڕێکخستنەکانی ناو ئەپەکەوە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکاندا بگۆڕن، و هەر هەژمارێکیش نامە و ڕێکخستنی تایبەت بە خۆی بە جیا لەخۆدەگرێت.

ئەم تایبەتمەندییە یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان کە بەکارهێنەران زۆرجار لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا داوایان کردووە، چونکە واتسئاپ لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە تا ئێستا پشتگیری لە بەکارهێنانی زیاتر لە یەک هەژمار ناکات لە ڕێگەی یەک ئەپەوە، واتە هەر ئەپێک تەنها دەتوانێت بە یەک هەژمارەوە ببەسترێتەوە.

بۆیە بەکارهێنەران پێویستیان بە کۆمەڵێک فێڵ و ڕێگەی جیاواز بووە بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر لە یەک هەژماری واتسئاپ بەکاربهێنن، ئەم فێڵانەش بریتین بوون لە بەکارهێنانی وەشانە قۆرخکراو و دەستکاریکراوەکانی واتسئاپ یان دامەزراندن و بەکارهێنانی “واتسئاپ بیزنس” (WhatsApp Business).

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هاوکاتبوونی ئەم تایبەتمەندییە لەگەڵ تایبەتمەندی ناوی بەکارهێنەر (usernames) لە ئەپەکەدا، چونکە ڕاپۆرتەکانی پێشوو ئاماژەیان بە نزیکبوونەوەی خستنەڕووی ئەویش کردبوو، بەڵام هێشتا بۆ هەموو بەکارهێنەران دەرنەکەوتووە.

لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەسەر کاتی بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندییە نوێیەکە و گەیشتنی بە بەکارهێنەران نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە وەشانەکانی داهاتووی واتسئاپدا پێش کۆتایی ئەمساڵ بیبینین.

شایەنی باسە کە واتسئاپ لەم دواییانەدا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە پلاتفۆرمێکی تەواوی سۆشیال میدیا، نەک تەنها پلاتفۆرمێکی نامەگۆڕینەوەی خێرا، ئەم گۆڕانکارییەش گرتنەبەری پیشاندانی ڕیکلامی ڕاستەوخۆ لە چەند شوێنێکی جیاوازدا دەگرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە