spot_imgspot_img

پارتی چاوی لە سەرۆک کۆمارە

پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بە نزیک ناودەبات و دەڵێت” پرسی سەرۆککۆمار مافی پارتییە”.

هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە میدیای”ڕووداو” رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان “لە خاڵی سفرەوە” دەستپێدەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، پارتی لە دەرگای یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکەش دەدات، چونکە پارتی دەیەوێ کابینەکە فراوان بێت و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن، و کۆتایی بەم چەقبەستوییە بهێنێت.

ناوبراو ڕایگەیاند، کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بۆ پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوە بوو کە لایەنەکان “ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان هەڵبژارد”، و دۆخی گفتوگۆکانیش لەگەڵ یەکێتی وەستابوون، بەڵام ئێستا هەلومەرج گۆراوە و گفتوگۆشمان دەگۆڕێت.

گەیلانی لەبارەی پێشکەشکردنی هەمان ئۆفەرەکانی پێش هەڵبژاردن بە یەکێتی،ڕایگەیاند، “بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونکە هەلومەرج گۆڕاوە.”

جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبێتە بنەما و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر یەکێتی ببێتە کۆسپ، لە بیرکردنەوەی پارتیدا هەیە بەبێ یەکێتی کابینە دروست بکات.

سەبارەت بە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، پارتی پۆستی سەرۆک کۆمار بە مافی کورد دەزانێت. گەیلانی گلەیی لە ئەدای پێشووی ئەو پۆستە کرد و ڕایگەیاند، سەرۆککۆمارێکمان دەوێ بە کردەیی پارێزەری دەستوور بێ. بەداخەوە لەو ڕووەوە بۆشاییمان هەیە. بۆیە مافی خۆمانە وەک پارتی، چ لە ڕووی خەبات و تێکۆشان و چ لە ڕووی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، داوای ئەو پۆستە بکەین.

جەختیشیکردەوە، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق وەک پارتی هەموو پرسەکان بە یەک پاکێج دەخاتە بەر گفتوگۆ، لەوانە” جێبەجێکردنی دەستوور، ماددەی ١٤٠، پرسی نەوت و گاز، و شایستە داراییەکان”.

گەیلانی وتیشی “ئەمجارە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت ڕێککەوتنەکە نووسراو بێ و گەرەنتیی جێبەجێکردنی هەبێ.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە