مەسرور بارزانی لە دهۆک پەیامێکی توند ئاراستەی یەکێتی دەکات و دەڵێت”گفتوگۆکانمان وەک پێش هەڵبژاردن نامێننەوە”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە دیداری مێپس (MEPS) لە دهۆک، ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرت لەبارەی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و ئاماژەی بە گۆڕانی هەلومەرجی گفتوگۆکان کرد.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر “نەرم و بەخشندە بوو” لە پێدانی پۆستەکان بە یەکێتی، تەنانەت زیاتر لەو بەشەی کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن شایستەی بوو.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی داوای ژمارەیەک پۆستی دەکرد بۆ حکومەتی داهاتوو کە بەپێی بەركەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردن شایستەی نەبوو، پارتی زۆر نەرم و بەخشندەبوو لە پێدانی پۆستی زیاتر لە حەجمی یەکێتی، بەڵام یەکێتی هەر داوای زیاتری دەکرد.
مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد، کە پارتی گەیشتبووە ئەو تێگەیشتنەی کە یەکێتی نایەوێت حکومەتی هەرێم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت، تێگەیشتین کە وەها بیریان دەکردەوە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پارتی نابێت و دواتر ئەوان دەتوانن زیاتر بەدەستبهێنن، بەڵام هەڵەبوون.
سەرۆکی حکومەت بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی چیتر بە هەمان شێوەی پێشوو مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکات و هەلومەرجی گفتوگۆکان گۆڕاوە، و جەختدەکاتەوە کە”ئێستا پارتی وەک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مامەڵە لەگەڵ یەکێتی ناکات، گفتوگۆکانمان جیاواز دەبن، پێش هەڵبژاردنیش ئەوەمان پێوتن.”
