سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بەهۆی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، ئێستا حکومەتی عێراق تەنیا 280 ملیار دینار دەدات بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنیا 280 ملیار دینارە.
وتیشی: “لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئێستا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی خۆی مانگانە بڕی 665 ملیار دینار بە کاش دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ، بەم شێوەیەش هەرێم بە داهاتی خۆی بە ڕێژەی 71%ی تێچووی مووچەی مانگانە دابین دەکات”.
ڕوونیشیکردەوە کە “بە گوێرەی دوا لێدوانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری گشتی نەوتی باکوور بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت کە داهاتی کاشی مانگانەی فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە (بە نرخی ئەمڕۆی نەوتی برێنت 64.79 دۆلار) دەکاتە 545 ملیار دینار مانگانە، کە داهاتەکەی هەمووی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە.
وتیشی: “بڕی 120 ملیار دیناری دیکەی مانگانە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە کاش دەخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق و خەرجی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 945 ملیار دینارە”.
ئامانج ڕەحیم ڕاشیگەیاند، بە لێدەرکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم کە بە کاش مانگانە دەچێتە سەر حسابی دارایی فیدڕاڵ لە کۆی گشتی تێچووی مووچەی هەرێم، لە ئەنجامدا تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لە ئێستادا تەنها 280 ملیار دیناری پێویستە کە بە ڕێژە دەکاتە 30%ی مووچەی مانگانە”.
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: “هەرچەندە لە سیستمی ژمێریاریی حکومی خەرجی بە جیا لە داهات ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش حساب بکەین کە 16دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، ئەو کات تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم بە بە تێچووی نەوتیشەوە تەنها نزیکەی 400 ملیار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی دەکەوێت کە دەکاتە ڕێژەی 40% ی مووچەی مانگانە و ئەو کاتیش هەرێم خۆی ڕێژەی 60%ی مووچەی خۆی لە داهاتی کاشی خۆی دابین کردووە”.
