spot_imgspot_img

ڕێبەر ئەحمەد: ئەمریکا نەبووایە حکومڕانانی ئێستای بەغدا بە خەونیش نەدەگەیشتنە دەسەڵات

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد: “لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دادگایەک لە عێراق دانرا بۆ دادگاییکردنی سەرانی پێشووی ڕژێم، وامانزانی ئیتر سەقامگیر و بەردەوام دەبێت بەڵام ئەوەی کەس باسی ناکات کولتووری حوکمە لە عێراق کە درێژەپێدەری ھەمان سیاسەتی پێشووە”

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی بەڕێوەچوونی سێیەمین ڕۆژی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (مێپس ٢٠٢٥) لە زانکۆی ئەمریکی – دھۆک، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشدارییکردنی لە یەکێک لە پانێڵەکاندا، تیشکی خستەسەر سیاسەتی حکومڕانیی ئێستای بەغدا و جەختی لەوەکردەوە کە سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن و دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا نەبووایە، ئەوانەی ئێستا لە بەغدا لە دەسەڵاتدان، بە خەونیش نەدەگەیشتنە دەسەڵات.

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕێبەر ئەحمەد لەمیانی بەشدارییکردنی لە پانێڵی ئاشتییەکی بەردەوام یان ئارامییەکی فریودەر؟ داهاتووی دابەشکردنی دەسەڵات لە عێراق و سووریا، وتی: “تا ئێستاش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجی سایکس پیکۆ دەدات، جگە لەوەش کێشەی سەرەکی سەقامگیریی و ئاسایش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنمەوە بۆ کولتوور و بیڕ و باوەڕ و بەھا، بەھای یەکتر قبوڵنەکردن، ئێمە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بڕیارماندا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکەینە ئامانجی خۆمان و ھەموومان وەکو یەکترین و یەکسانین، بۆیە ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێم سەرچاوەکەی لە بیر و باوەڕ و پێکەوەژیانە، لە ھەمانکاتدا ئەو ھەلەی بۆ عێراق دروست بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەگەر بەراوردێکی کورت بکەین، ڕژێمە یەک لە دوای یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە شێوازێکی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتییان نەکردووە، بەڵکو خوێن ڕژاوە”.

ڕێبەر ئەحمەد وتیشی: “گۆڕینی ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسان بە ئیرادەیەکی ناوخۆیی عێراقییەکان نەبوو، دەمەوێت سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەم بۆ ئەوەی ئێمەیان ڕزگارکرد لە ڕژێمێکی دیکتاتۆر، چونکە ئەگەر ئەوان نەبوونایە، ئەوانەی ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتدارن، ڕەنگە نەوەکانیشیان ئەو دۆخەیان بە چاوی خۆیان نەبینبووایە و ئەمریکا نەبووایە حکومڕانانای ئێستای بەغدا بە خەونیش نەدەگەیشتنە دەسەڵات. بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغدا دان بەوە دابنێن کە هەڵە لە حکومڕانییاندا هەیە”.

وەزیری ناوخۆی هەرێم ئەوەیشی خستەڕوو کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کەس داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق نەکرد و جەختی لەوەشکردەوە کە کولتووری حوکم لە عێراق درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووە.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا ڕێبەر ئەحمەد وتی: “دوای ساڵی ٢٠٠٣ کەس داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق و بە تایبەتی ھەرێم نەکرد بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرداریی و کیمیاباران و ئەنفالکردنەی بەرامبەرمان کرا، لەوەش خراپتر دادگایەک دانرا بۆ دادگاییکردنی سەرانی پێشوو، وامانزانی ئیتر سەقامگیر و بەردەوام دەبێت بەڵام ئەوەی کەس باسی ناکات کولتووری حوکمە لە عێراق کە درێژەپێدەری ھەمان سیاسەتی پێشووە”.

ڕێبەر ئەحمەد وتیشی: “ئەم ھەنگاوانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەرامبەر بە ناوچە جیاوازەکانی عێراق گیراوەتەبەر سەرچاوەکەی ھەمان سیاسەتی پێش ٢٠٠٣یە، بۆیە دەبێت پڕۆسەی گۆڕینی بیر و باوەڕ جێبەجێ بکرێت و دەبێت سەرکردەکانی عێراق دان بەوە دابنێن کە تەنیا ڕژێم گۆڕاوە و دەبێت دان بەوەدا بنێن کە دەبێت بیر و باوەڕ و کولتووری یەکترقبوڵکردن هەبێت”.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دەستووری عێراق کرد و وەک یەکێک لە باشترین دەستوورەکانی ناوچەکە پێناسەی کرد و وتی: “لە عێراق یەکێک لە باشترین دەستوورەکانمان ھەیە بەراورد بە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڵام لەبەر ئەوە جێبەجێ نەکراوە چونکە یەکترقبوڵکردن نیە، بۆیە پێویستە کار لەسەر کولتوور و بیر و باوەڕ بکەین، یەکێک لە جوانترین نموونەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەکترقبوڵکردن، هەرێمی کوردستانە کە هەموو بە بیر و باوەڕی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بەیەکەوە دەژین”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە