مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت کە هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە ئاکامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بە تایبەتیش کورسی کۆتاکان لەئارادایە و هۆشداریش دەدات ” لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت”.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ھەروەکو ئاگادارن پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕێککەوتی (١١ـی١١ـی ٢٠٢٥) لە کەشوھەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدی کۆتاکان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییەکان بەشدارییان کرد. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان ئەنجامی کۆتایی بەشێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.
مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: “لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین کە ھەواڵێک ھەیە بۆ دەستوەردان لە ئاکامی ھەڵبژاردن، بەتایبەتی کۆتاکان و گۆڕینی ئاکام و ئەنجامەکان”.
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە بەھیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی ھەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبوڵکراو نییە و، بە ھێڵی سووری دادەنێین”.
مەکتەبی سیاسی پارتی هۆشداریشی دا کە “لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەڵوێستی سیاسی جدیمان دەبێت”.
