سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا دەستوور جێبەجێ ناكات و كێشەكان لەوەێوە سەرچاوەی گرتووە و دەشڵێت: لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا یارمەتیدەرین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی مێپس لە دهۆك ڕایگەیاند، سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی شەڕی ئێران و ئیسڕائیل ئەوەیە لەگەڵ شەڕ نییە و بەهیچ شێوەیەك نامانەوێت ببینە بەشێك لە كێشەكان، چونكە ئەمانەوێت فاكتەری ئاشتی بین و ئێران لە ڕابردوودا زۆر یارمەتیدەرمان بووە و دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە.
ڕاشیگەیاند، ئێمان وایە بە شەڕ كێشەكان چارەسەر نابن و شەڕەكانی ڕابردوو ماڵوێرانییان هێناوە، بۆیە دەمانەوێت ڕۆڵی ئاشتیخواانەمان هەبێت و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو سیاسەتە.
وتیشی، “سیاسەتی ئینكاری كردنی كورد تاسەر ناچێتەسەر و دەبێت لە ئێران و توركیا و سووریاش كێشەی كورد چارەسەركردنی بە ئاشتی دەبێت و ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر ببن ئەوا ئاسۆی ڕوون لە ناوچەكە دەردەكەوێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، سووریا بە سیستمی مەركەزی بەڕێوە ناچێت و هەسەدە لە ڕابردوودا ڕۆڵی زۆری هەبووە و دەبێت ئەو ڕۆڵەی لەبەرچاو بگیرێت.
ئاشكراشی كرد، جەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی دێتە هەرێم و بەشداری كۆڕبەندەكە دەكات و ئێمەش بەردەوام هەوڵی ڕێككەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدیمان داوە.
ڕاشیگەیاند، داوامان لە برایانی كوردمان لە سووریا كردووە بەشداری لە بەڕێوەبردنی سووریا بكەن.
جەختیشی كردەوە، بەردەوام هەوڵمان داوە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرۆك كۆماری توركیاش مەبەستییەتی ئەو پڕۆسەیە سەركەوتووبێت، بەڵام لەڕووی واقعییەوە ئەو كێشە 40 ساڵییە بەزوویی چارەسەر نابێت و ڕەنگە پڕۆسەكە ساڵێك بخایەنێت.
دەربارەی عێراق، سەرۆكی هەرێم وتی، “عێراق دەستوور جێبەجێ ناكات و هەر ئەوەشە هۆكاری كێشەكان، بۆیە دەمانەوێت بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین”.
وتیشی، “دەبێت هەموو لایەنە كوردییەكان بەیەكەوە بچنە بەغدا و دانووستان بكەن و چی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە لەو چوارچێوەیە دەرنەچن”.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیشی كردەوە، كە هەڵسوكەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێم دەستووری نییە و هەمیشە هەوڵمان داوە بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین.
