سەرۆكی ھاوپەیمانی سەروەریی لە عێراق، ڕایگەیاند، كە گرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەبێ چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ دۆزی فەڵەستین و كۆتاییھێنان بە داگیركاریی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی سووریا و لوبنان، كەم ناكرێنەوە.
خەمیس خەنجەر لە میانی بەشدارییكردنی لە كۆڕبەندی مێپس لە دھۆك وتارێكی پێشكەشكرد و داوای كرد كە دۆخی ئابووریی لە عێراق، باش بكرێت.
ڕاشیگەیاند، كە ڕۆڵەكانی پێكھاتەی سوننە لە عێراق داوا دەكەن دەوڵەتێكی دادپەروەریی دامەزرێندرێت.
وتیشی: “ئەم كۆڕبەندە لە كاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە ناوچەكە و ھەموو جیھان بە ساتێكی ھەستیاردا تێدەپەڕن، جگە لەوەش زیاد گرژییەكان لە ناوچەكە و گۆڕانكارییە ئابوورییەكان، بەرپرسیارێتی كاركردنی پێكەوەیی بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان و داڕشتنی ڕێبازی واقیعی كە دەرفەتەكانی گەشەپێدان و سەقامگیری بۆ ناوچەكەمان دەگەڕێنێتەوە، بەسەر ھەمووماندا دەسەپێنن”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەمە پێویستی بە ڕێبازێكی نوێ ھەیە كە سێ بنەما لە خۆدەگرێت ئەوانیش پاراستنی سەروەریی وڵاتان، یەكگرتوویی دامەزراوەكان و نەبوونی قۆرخكاریی لەسەر ئامرازەكان، ھەروەھا ئاسایش لە ناوچەكە بەدی نایەت، ئەگەر سنووری وڵاتان بە بەردەوام پێشێل بكرێن”.
باسی لەوەش كرد، كە گرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەبێ چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ دۆزی فەڵەستین و كۆتاییھێنان بە داگیركاریی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی سووریا و لوبنان، كەم ناكرێنەوە.
خەنجەر دەشڵێت: “بیرۆكەی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەوڵێكە بۆ سەپاندنی ھەژموون و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل”.
