spot_imgspot_img

باخچەلی دەڵێت ئامادەم بۆ دیداری ئۆجالان بچمە ئیمرالی

سەرۆکی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ سەردانکردنی ئیمرالی و دیدار لەگەڵ حەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند، هیچ دوودڵییەک لە چوون بۆ ئیمرالی نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە،، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە باسی لە پرسی سەردانی شاندی کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمرالی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کرد کە مشتومڕی دروست کردووە.

باخچەلی وتی: ئەگەر کەس بەم سەردانە ڕازی نەبێت، سێ لە هاوڕێکانم لەگەڵ خۆم دەبەم و دوودڵی ناکەم لە چوون بۆ ئیمرالی.

هەروەها لەبارەی لەناوبردن و سووتاندنی چەک و کۆتاییهێنان بەو چالاکییانەی لەسەر ناوی پەکەکە دەکران، ئاماژەی بەوەدا، کەسانێک هەن هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن. باخچەلی جەختی لەسەر پێویستی وریایی لەم پڕۆسەیەدا کردەوە و وتی: میللەتی تورک دەگاتە بەهارێکی هەمیشەیی. نییەتەکە باشە و دەرئەنجامیش سوودبەخشە. تاکە داواکاری ئێمە ئەوەیە کە هەمووان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن. وەک ئەوەی هەمیشە دەڵێین، هەموو شتێک بۆ تورکیایە.

باخچەلی بە ئاماژەدان بەوەی کە بەبێ گوێدانە ڕوانگەی فەلسەفەی دەوڵەتی تورکیا، نەتەوە دەوڵەتە و دەوڵەت نەتەوەیە، وتی: جیاکردنەوەی ئەو دووانە هەڵەیە. بۆیە ئامانجی ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ ئامانجی سیاسی نەلەرزۆک و نەشکاوەی نەتەوەییە. ئێستا کۆمسیۆنی پرۆسەکە دەچێتە قۆناغی کۆتایی خۆیەوە. لەمەودوا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو شاندە دیاری بکرێت کە دەچێتە ئیمرالی. پێویستە گفتوگۆکان سەبارەت بە چوون بۆ ئیمرالی بووەستێندرێت. هیچ سوودێکی کشاندنەوەی پێ لەسەر ڕێگای ئیمرالی نییە. ئەگەر کەس نەیەوێت ئەم سەردانە بکات، من سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و دوودڵ نابم لە چوونم بۆ ئیمرالی و ئەنجامدانی دیداری ڕووبەڕوو لەسەر مێزێک. بە متمانەیەکی پیاوانەوە سەیری چاوەکانی بەرانبەرەکەم دەکەم.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە