سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دهرهوهی حکوومەتی هەرێم بە میدیای پارتی راگەیاند، کێشە و قەیرانی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێشبینی گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە دەکەین، جەختیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا.
لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس25 لە دهۆک، سەفین دزەیی وتی: “ئومێد دەکەین ئەو ڕاسپاردانە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم کۆڕبەندە دەردەچن، ببنە بیرۆکە و پرۆژە و لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە جێبەجێ بکرێن، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکە، لەبەر ئەوەی هەر ڕووداوێک لە ناوچەکە دروست بێت، کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، بۆیە گرنگە بتوانین بیروبۆچوونی خەڵکی دیکەش وەربگرین.
وتیشی: گرنگە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بتوانین ئایدیا و سیاسەتی خۆمان لەسەر ئەم بنەمایە دابڕێژین، ئەم کۆڕبەندەش کە سەرکردە سیاسییەکان، بەرپرسانی حکومەتەکان، ناوەندە ئەکادیمییەکانی عێراق و وڵاتان کۆبوونەتەوە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پرسە هەستیارەکان بکەین.
لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وتی: ساڵی ڕابردوو پەیکەربەندی تازەمان کردەوە، بەو پێیەی نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە، هاوکات لەسەر بنەمای هاندانی سەرمایەگوزاریی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بەشداری چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسی ئابووریمان کردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەی کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەمنیدا، پێگەیەکی بەهێزە لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا.
