spot_imgspot_img

بارزانی: تووشبوونی گەنجان بە ماددەی هۆشبەر ماڵمان وێران دەکات

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە چەند تەوەرێک کرد و تیشکی خستەسەر کێشە و گرفتەکانی عێراق و هەرێم.

لە دەستپێکی قسەکانیدا، مەسعود بارزانی وتی: “بێگومان قەیران لە هەموو جیهاندا زۆرن، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی مەترسیدار هەیە، هیوادارین ئەم کۆڕبەندانە بتوانن چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانانە بدۆزنەوە و مێژوویەکی نوێ دروست بکەن، هەروەک بینیمان دوای پەیمانی سایکس پیکۆ کە گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا، بەداخەوە ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە نەما و گرفتی گەورە دروست بوو تا ئەمڕۆش هەموو گرفتاری ئەم هاوپەیمانییەن و بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە گرفتەکان چارەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت بەیەکەوە بژین و ناتەبا بین، ئەگەر گرفتەکان دەستنیشانکران، چارەسەر ئاسانە، هەڵە ئاساییە بەڵام بەردەوامبوون لەسەر هەڵە تاوانە، لە مێژوودا سیاسەتی خۆسەپاندن سەرکەوتوو نەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەموولایەک زیانمەندبوونە و پێویستە ژیانێکی خۆش و بەختەوەر ببەینە سەر، پێویستە کێشەکان بۆ نەوەی داهاتوو بەجێنەهێڵین”.

بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە کورد جیاوازی کردووە لە نێوان حکومەت و نەتەوە، هەروەها هەرگیز بیری لە تۆڵەکردنەوە نەکردووەتەوە و وتی: “کورد هەرگیر بیری لە تۆڵەکردن نەکردووەتەوە و جیاوازیمان کردووە لە نێوان حکومەت و نەتەوە، ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەما دروست بوو (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) و لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستووریک بۆ عێراق نوسراوە، هەرچەندە بینیمان کەمکوڕی تێدایە بەڵام بەراورد بە ناوچەکە زۆر باش بوو”.

مەسعود بارزانی وتیشی: “دەمانەوێت پرسیارێک بکەین، ئەو هەموو گرفتە خەتای کوردە یان خەتای حکومەتە؟ ئێمە ئێش و ئازارێکی زۆرمان کێشا، ئەو هەلەی لە ٢٠٠٣ هاتەپێش هێشتا لەدەستمان نەداوە، ئێمە پابەندی دەستوورین کە ڕێنیشاندەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هیوادارین ئەم هەڵبژاردنەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێگاخۆشکەربێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێگایەکی دروست و هیچ کێشەیەک لە نێوانمان نەمێنیت، هەروەها هیوادارین عێراق نەبێتە بەشێک لە ململانێیەکانی ناوچەکە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی کرد لە تورکیا و هیوای خواست گەلانی تورکیا بە ئاشتی و بەیەکەوە بژین و وتی: “خۆشحاڵی خۆمان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەردەبڕین و هیواردارین بگاتە ئەوەی کە میللەتی تورکیا بە ئاشتی بەیەکەوە بژین، هەروەها بۆ سووریاش خۆشحاڵین کە بەشێوەیەکی دیموکراتیانە بگەنە ڕێککەوتنێک و هەمووان بەیەکەوە بژین”.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: “بە پێویستی دەزانم هەنگاوی جدی بهاوێژرێت، وەک هەمواری یاسای هەڵبژاردن، چونکە ئەم یاسایە کەموکوڕی تێدایە و مافی زۆر کەس دەخوات و دادپەروەریی تێدانیە، دەبێت هەموومان هەوڵبدەین ئەم یاسایە ڕێکبخرێتەوە کە دادپەروەریی تێدابێت، هەروەها ئەنجوومەنی فیدڕاڵی دابمەزرێت بەپێی ماددەی ٦٥ی دەستوور، چونکە ئەم دامەزراوەیە زەمانەتی پێکهاتەکانی تێدایە، هاوکات جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووریی و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز کە گونجاوبێت لەگەڵ ماددەکانی دەستوور، ئەمە پێویستییەکی زۆرە و زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکات”.

مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە داوای لەلایەنەکان کرد کە بەشداریی لە حکومەتێکی بنکە فراوان بکەن و جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو هەلومەرجەی لە هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، جیاوازە لەو هەلومەرجەی کە پێش هەڵبژاردن هەبوو، مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆری خستەڕوو و، داوایشی لە دەزگا پەیوەندارەکان کرد کار بکەن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەوانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن و کارگەی ماددەی هۆشبەریان هەیە.

لەمبارەیەوە مەسعود بارزانی وتی: “دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داوامان لەو لایەنانە کرد کە کورسیی پەرلەمانییان بەدەستهێنابوو کە بەشداریی حکومەتێکی بنکەفراوان بکەن و نەهاتن، ئێستاش داوا لە هەموو لایەک دەکەم بتوانین حکومەت پێکبهێنین، هەرچەندە ئێستا هەلومەرجێک هاتووتەپێش کە ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردنی عێراق نیيە”.

مەسعود بارزانی وتیشی: “هەروەها مەترسی تیرۆر هێشتا ماوە، دیاردەی داعش زۆر ترسناکە و لەبیری ئێمە ناچێت، هەروەها بابەتێکی دیکە هەیە کە ئەویش ماددەی هۆشبەرە، زۆر بەداخەوە زۆر لە گەنجی ئێمە لە هەرێمی کوردستان تا بەسڕە تووشی ئەم دەردەی ماددەی هۆشبەر بوونە و ئەمە ماڵی ئێمە وێران دەکات، پێویستە دەزگای ئەمنی و پەیوەنددار کارێکی جدی بکەن و ئەوانەی بازرگانی دەکەن و ئەوانەی کارگەی ماددەی هۆشبەریان داناوە وەک تاوانبار لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن، هەروەها سنوورێکیشیان بۆ دابنرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە