وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە دوای هەفتەیەکی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە دهۆکەوە ڕایگەیاند، پشتیوان بە خودا پاش هەفتەیەکی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەین.
وتیشی: ڕەوانەکردنی مووچە دوای ئەوە دەبێت “کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو زانیارییەکانمان پێ دەدات، تەرازووی پێداچوونەوە، داهاتی نانەوتی و بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە پشتیوان بەخودا هەموو شتێک چارەسەر دەبێت”.
ئەم لێدوانەی وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە کە پێمان ناوەتە نیوەی دووەمی مانگی 11 و هێشتا مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکراوە و وەزارەتی دارایی هەرێم هەر لە مانگی نۆوە لیستی مووچەی بۆ بەغدا ناردووە.
