ئیسماعیل خورماڵی
لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، پێشبینی خۆم بۆ کورسی لایەنەکان لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. پێشبینیەکان پشت ئەستور بوون بە داتا و زانیارییەکانی هەڵبژاردنەکانی پێشتر، هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕووداو و هەڵوێستانەی لەو ماوەیەدا ڕویانداوە، لەگەڵ شێوازی هەڵمەتی هەڵبژاردن و کاندیدی لیستەکان. پێشبینیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی زۆری لەسەرکرا، چەند پەیج و ئەکاونتێکیش بڵاویان کردەوە، زۆرکەس بە ئەرێنی یان نەرێنی قسەیان لەسەر کرد.
ئێستا کە ئەنجامە فەرمییەکان ڕاگەیەندرا، دەپرسم: ئایا پێشبینیەکان ڕاست بوون و واقعی بوون؟ یان زۆر دوور بوون لە واقیعەوە وەک هەندێ کەس و پەیج و ئەکاونت ئاماژەیان بۆ کردووە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین، جگە لە خودا کەس غەیب نازانێت. پێشبینیش فاڵگرتنەوە نیە و قسەکردن نیە لە غەیب، بەڵکو لێکدانەوە و تێگەیشتنی مرۆڤە. هیچ پێشبینیەکیش، ئەگەرچی لە لایەن دەزگا و دامەزراوەی گەورەوە بکرێت و بودجەی زەبەلاحیشی بۆ خەرج بکرێت، ناتوانێت ئەنجامەکان 100% وەک خۆی بدات بە دەستەوە. بۆیە پەراوێزێکی هەڵە ئاساییە لە ڕووی زانستییەوە.
ئێستا با پێکەوە چەند پەرەگرافێک لە پێشبینەکان وەک خۆی وەرگرینەوە.
یەکەم: بازنەی دهۆک:
پێشبینی: پارتی (8)، یەکگرتوو (2)، کورسیەکیش بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە بۆ ئەگەرەکان.
ئەگەر یەکێتی بتوانێت دەنگەکانی بگەیەنێتە (40) هەزار دەنگ، ئەوا ئەو کورسیە دەبات. ئەگەر یەکگرتووش بتوانێت دەنگەکانی زیاتر سەر بخات، چانسی بردنی ئەو کورسیەی هەیە، وەگەرنا پارتی دەبێتە خاوەنی.
کەواتە پێشبینیەکە 100% بۆ دهۆک ڕاست دەرچوو. پارتی کورسیەکەی برد.
دووهەم: بازنەی هەولێر
پێشبینی: ئەگەرچی بەهۆی قەیرانەکانی ئەم چەند ساڵەی حکومەت و بێمووچەیی و ئەو هەموو گرفتەی هاتۆتەپێش بۆ هاوڵاتیان، دەبێت هەریەک لە پارتی و یەکێتی دەنگ و کورسیان کەم بکات. بەڵام بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی کە دەیکەن و ئەو پارانەی دەیبەخشنەوە ئەگەری هەیە پارێزگاری لە پێگەی خۆیان بکەنەوە. لەولاشەوە بانگەشەی بایکۆت لە قەزانجی ئەوانە، بۆیە پێشبینی دەکەم:
1) پارتی پارێزگاری لە (7) کورسی خۆی دەکات.
2) یەکێتی لەباشترین حاڵەتدا (3) کورسی دەباتەوە.
3) نەوەی نوێ لە باشترین حاڵەتدا (2) کورسی دەبات وەک (2021)، ئەگەری هەیە کورسیەکیش لە دەست بدات.
4) سەبارەت بە لیستەکانی تر، لە هەڵبژاردنی (2024)دا، یەکگرتوو (24,178) دەنگ، کۆمەڵ (20,265)، هەڵوێست (16,871) دەنگیان بەدەست هێنا. کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بوو بۆیان، ئێستاش سەرۆکی لیستەکان کەسایەتی ناسراو و کاریگەرن، بۆیە هەریەکەیان کورسیەک مسۆگەر دەکات.
5) ئەگەر نەوەی نوێ تەنها (1) کورسی ببات، ئەوا هەریەک لەو لیستانەی تر چانسی ئەوەیان هەیە، کە ئەو کورسیە ببەن.
6) ئەگەر هاوڵاتیان سزای پارتی و یەکێتی بدەن و دەنگیان نەدەنێ، ئەمەش بە قازانجی لیستەکانی ترە و کورسیان زیاد دەکات.
سەبارەت بە پێشبینیەکەم بەوەی خەڵک سزای یەکێتی و پارتی بدات، وادەرنەچوو. بەرەی بایکۆت زۆر بوو. وەک پێشبینیم کرد بوو یەکێتی (3) کورسی برد. نەوەی نوێ تەنها (1) کورسی برد و کورسیەکی لە دەستدا بۆ هەڵوێست و بویە (2) کورسی. یەکگرتوو و کۆمەڵیش جەماوەر ئەو چانسەی پێنەدان و کورسیان نەبرد، کورسیەکانیان گەڕایەوە بۆ پارتی.
سێیەم: بازنەی سلێمانی
پێشبینی: یەکێتی (7)، نەوەی نوێ (2)، پارتی (2)، یەکگرتوو (2)، کۆمەڵ (1)، هەڵوێست (1).
ئەو سێ کورسیەی کە ماونەتەوە، یەکێتی و پارتیش چانسیان هەیە بۆ بردنی، بەڵام ئەگەری زۆرە زیاتر بۆ لیستەکانی تر بێت.
سەبارەت بە نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ پێشبینیەکە 100% تەواو بوو. ئەو سێ کورسیەش کە مابوویەوە، یەکێکی بۆ یەکێتی و دوانی بۆ هەڵوێست بوو، کە ئەمەش تەواو بوو، چونکە نوسراوە هەموویان چانسیان هەیە بۆ بردنی.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان:
لە وتارێکی تردا، پاش خستنەڕووی چەندین خاڵ پێشبینی خۆم بۆ کورسیەکان، خستبوویە ڕوو، باسم لەوەش کردووە، کە هەریەک لەو خاڵانە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان هەیە، کورسیەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی پێشبینیەکانم بەم شێوەیە بوو:
پارتی: 18 بۆ 19 کورسی، یەکێتی: 11 بۆ 12 کورسی، یەکگرتوو: 5 بۆ 7 کورسی، نەوەی نوێ: 4 بۆ 5 کورسی، کۆمەڵ: 2 بۆ 3 کورسی، هەڵوێست: 2 بۆ 3 کورسی.
کورسیەکانی ئێستا:
پارتی: 20 کورسی، یەکێتی: 11 کورسی، یەکگرتوو: 4 کورسی، نەوەی نوێ: 3 کورسی، کۆمەڵ: 1کورسی، هەڵوێست: 5 کورسی.
بۆ هەموو لیستەکان جیاوازییەکە تەنها یەک کورسی زیاتر یان کەمترە. بۆ یەکێتی وەک خۆی بوو.
بۆ هەڵوێست جیاوازییەکە (2) کورسی بوو. چونکە پێشبینیم دەکرد (3) کورسی نەوەی نوێ بڕوات بۆ هەڵوێست نەک زیاتر.
سەبارەت بە یەکگرتووش پشت بەستوو بە ئامادەکاری و هەڵمەتی هەڵبژاردن و گەرموگوڕی ڕێکخستن و بەهێزی کاندیدەکانی، کە زۆربەی خەڵکی پێی وابوو دەبنە موفاجەئە، لانیکەم (5) کورسیم دانابوو، کە لە هەولێر زۆر نزیک بوون و یاساکە ڕێگەی نەدا، لە سلێمانیش باوەڕم وابوو لە (3) کورسیەوە نزیکن، بەڵام وەک پێویست دەنگیان پێنەدان و وەک پێشبینیم کردبوو بایکۆت زۆر بوو.
لە کۆتاییدا:
سەرەڕای سوپاس و پێزانینم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر پێشبینیەکانم قسەیان کردبوو. بەڵام دەبێت ئێستا کەمێک بە ئینسافەوە لێی بڕوانن و بزانن کە پێشبینییەکان چەندە ورد و زانستی و بێلایەنانە بوون.
پێشبینی کەس و دامەزراوەکانی تر (کە بە باشم نەزانی لێرە ئاماژەی پێبکەم) هەندێجار جیاوازییەکەی (5) بۆ (10) کورسی بووە لەیەک بازنەدا نەک هەموو هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا ئەوەی من لە بازنەکان هەندێکی وەک خۆی بووە، لەسەر ئاستی هەرێمیش بۆ هەر لیستێک تەنها یەک کورسی بووە.
هیواخوازم، هەموو خاوەن کورسیەکان و لیست و حیزبەکانیان بە گیانێکی کوردانە و نیشتمانیانە کار بکەن، پێکەوە لە خەمی خەڵکدا بن و کار بکەن بۆ نەهێشتنی ئەم هەموو قەیران و نەهامەتیەی لە ئارادایە.
